وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی چەواشەکارییەکانی پەکەکە دەداتەوە
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیەکی لەسەر چەواشەکارییەکانی پەکەکە بڵاوکردەوە کە ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:
روونکردنەوەیەک لە بارەی چەواشەکاری و هەوڵە تێکدەرانەیەکانی پەکەکە.
میدیای سەر بە پەکەکە لە هەوڵێکی چەواشەکارانەدا وایان بڵاوکردووەتەوە، کە لە لایەن هێزی پێشمەرگەوە لە دەڤەری ئامێدی هێرشیان کراوەتە سەر.
لێرەدا بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و سەرجەم کوردستانیان لە سەرانسەری جیهان رووندەکەینەوە، کە چەکدارانی سەر بە پەکەکە نیوەڕۆی ئەمرۆ رێکەوتی 24ی کانوونی دووەمی 2024، بە دەیان کیلۆمەتر دوور لە سنووری تورکیا لە دەڤەری ئامێدی، بەبێ رێزگرتن لە دامودەزگا فەرمی و دەستورییەکانی هەرێم، زێدەڕۆییان بۆ سەر بازگەیەکی هێزەکانی زێرەڤانی کردووە و دواتر بە مووشەک هێرشیان کردووەتە سەر هەمان بازگە و هێزەکانی پێشمەرگەی زێرەڤانیش لە پێگەکانی خۆیانەوە بەرگرییان لە خۆیان کردووە.
ئەم هەوڵەی چەکدارانی پەکەکە لە چوارچێوەی ئەو هێرش و کردارە تێکدەرانەیە کە بە مەبەستی تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری هەرێم ئەنجام دەدرێت و بە داخەوە ئەوان بوونەتە بەشێک لە پیلانە ناوچەییەکان دژ بە قەوارەی هەرێمی کوردستان.
هەرێمی کوردستان نابێتە مەیدانی یەکلاکردنەوەی ململانێیە ناوچەییەکان و پاڵپشتی هەموو هەوڵ و رێکارێکی ئاشتیانەش دەبین لە پێناو چارەسەریی کێشەکان و جێگیرکردنی ئاشتی و ئارامی، بەڵام مافی بەرگریکردن بۆ هێزەکانمان پارێزراوە و بە توندی دژی هەر هەوڵێک دەوەستین کە قەوارەی هەرێمی کوردستان و دامودەزگا فەرمییەکانی بکاتە ئامانج.
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان