ئەحمەد ئەبیەز، سیاسەتمەداری عێراقی: مووشەكبارانكردنی هەولێر، سەری رژێمی ئێران دەكا بە قوڕا
ئەحمەد ئەبیەز، سیاسەتمەدار و شرۆڤەكار و سیاسەتمەداری ناوداری عێراقی، لە بەرنامەیەكی كەناڵی (وەن نیوز)ی عەرەبی، رایگەیاند: لە ئەنجامی رەفتارەكانی ئێران لە ماوەی رابردوودا، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هێدی هێدی ئیتر بەرەو ئەوە دەڕوات كە رژێمی ئێستای ئێران بڕووخێنێت، دواجار ئەم مووشەكبارانكردنەی هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان، سەری ئێران دەكا بە قوڕا.
ئەبیەز، بە شرۆڤەی خۆی، بابەتەكەی بەم شێوەیە روون كردەوە: ئێستا هەموو ئەو وڵاتانەی كە هەژموون و هێزی سەر بە ئێرانیان تێدایە و بە كلك و پەلی ئێران حسابن، یان كەوتوونەتە ژێر بەندی حەوتەمی مادەی ٥١ی میساقی نەتەوە یەكگرتووەكان، یان وا خەریكە دەخرێنە ژیر ئەو بەندەوە.“
ئەحمەد ئەبیەز، سیاسەتمەدار و شرۆڤەكاری ناوداری عێراقی، روونیشی كردەوە: كەواتە ئێستا هەموو ئەو بەرانەی سەر بە ئێرانن خراونەتە ژێر بەندی حەوتەمی مادەی 51ی میساقی نەتەوە یەكگرتووەكان یان وا دەخرێن، تەنیا ئێران ماوە، ئنجا ئەم مووشەكبارانكردنەی شاری هەولێری پایتەختی كوردستان، دەبێتە هۆكار بۆ ئەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، ئێرانیش بخاتە ژێر بەندی حەوتەمەوە، ئەمە واتای ئەوە دەگەیەنێت كە ئیتر ئەم رژێمەی ئێستای ئێران شەرعییەت لەدەست دەدا، ئەمەش وەك پێشەكییەكە بۆ ئەوەی كە ئیتر لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بڕیاری رووخاندنی رژێمی ئێستای ئێران بدرێ، لەپای ئەو هەموو تاوانەی دژ بە گەلی عێراقی كردووە، كە تازەترینیان مووشكبارانكردنی هەولێر بوو، واتە ئەم رژێمە دادەڕمێت، مووشەكبارانكردنی هەولێر، سەری ئێران دەكا بە قوڕا.
بێژەرەكە لێی دەپرسێت: بەڵام خۆ ئێستاش ئێران هەر بە جۆرێك لە جۆرەكان گەمارۆی نێودەوڵەتیی لەسەرە؟
ئەحمەد ئەبیەز وەڵام دەداتەوە: ”بەڵام كەوتنە ژیر بەندی حەوتەمی بڕیاری 51ی جیاوازە، ئەو مادەیە ئەنجومەنی ئاسایش ناچار دەكات كە دژی رژێمی ئێران بجووڵێت، نەخاسمە بەهۆی بەردەوامیی پەرەپێدانی بەرنامەی ئۆتۆمییەوە، ئەی نەتبینی لەم رۆژانەدا نوێنەری ئاژانسی وزەی ئەتۆمی گوتی: ئێران لە سەروبەندی ئەوەدایە ببێتە خاوەن چەكی ئەتۆمی و ئەمەش مەترسییەكی گەورەیە و دەبێ بەری لێ بگیرێت.