پێشەوا هەورامانی: هێرشی تیرۆریستی سەر کێڵگەی غازیی کۆرمۆر کاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر ژیانی خەڵک
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی لەبارەی هێرشەکردنە سەر کێڵگەی غازیی کۆرمۆر بڵاوکردەوە و رایگەیاند: ئەم هێرشە تیرۆریستییە بۆ سەر ژێرخانێکی گرنگی وەک کارەبا کاریگەری راستەوخۆی دەبێت لەسەر ژیانی خەڵک و ئیش و کاروباری رۆژانەیان.
پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی لەبارەی هێرشکردنە سەر کێڵگەی غازیی کۆرمۆر بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: “شەوی رابردوو هێرشێکی تیرۆریستی کرایە سەر کێڵگەی غازیی کۆرمۆر لە سنووری چەمچەماڵ و ئەنجامەکەی نەمانی کارەبای هاونیشتیمانییانی هەرێمی کوردستان بوو”.
راشیگەیاندووە: ئەم هێرشە تیرۆریستییە بۆ سەر ژێرخانێکی گرنگی وەک کارەبا کاریگەری راستەوخۆی دەبێت لەسەر ژیانی خەڵک و ئیش و کاروباری رۆژانەیان.
دەشڵێت: ئێمە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان داواکارین هەموو لایەک هاوکاری لیژنەی حکومەتی فیدراڵی بکەن بۆ دۆزینەوە و دەستگیرکردنی تیرۆریستان و سزادانییان و رێگری لە دووبارەبوونەوەی کردەوەی هاوشێوە.