رۆژنامەیەکی لەندەن: ئەمریكا دوو ئەفسەری خۆی لە كاتی هەوڵدان بۆ تەسلیمكردنیان بە ئێران، لەدەست هێزەكانی یەكێتی ڕزگار كرد
بەپێی ئەم راپۆرتە كە بەپێی رۆژنامە لەندەنیەکە لە سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە وەرگیراوە، هەریەكە لە (وەهاب هەڵەبجەیی، سەرۆكی دژەتیرۆری یەكێتی) و (ل پ، بەرپرسی هەواڵگری لە دژەتیرۆری یەكێتی لە سلێمانی)، دوو ئەفسەرەكەی هەواڵگریی ئەمریكاییان رفاندووە، لە کاتێکدا لە لە رێگادا بوونە لە سلێمانییەوە بەرەو هەولێر بگەڕێنەوە.
رۆژنامەكە نووسیویەتی، كە ئۆپراسیۆنی رفاندنەكەش بە یارمەتیی ئیتڵاعاتی ئێران بووە، بۆ ئەوەی دواتر رفێنراوەكان بگوازنەوە بۆ ئێران.
رۆژنامەی (قوڕەیش)ی لەندەنی ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، كە لە ماوەی ئەو چەند سەعاتەی رفاندنی ئەو دوو ئەفسەرەیاندا، توانراوە لەلایەن هێزەكانی دەلتای تایبەتی ئەمریكی لە رێی (GPS)ەوە شوێنی رفێنراوەكان ئاشكرا بكرێ و لە كردەوەیەكی دابەزین لە ئاسمانەوە بۆ سەر شوێنی شاردنەوەیان لە كێڵگەیەك لەناو گوندی (كانی سەرد، لە ناحیەی سیتەك، لە باكووری رۆژهەڵاتی شاری سلێمانییە)، هەردوو ئەفسەرە هەواڵگرییەكە لەلایەن هێزی دەلتای تایبەتی ئەمریكی رزگار بكرێن و ئەوانەی لە كێڵگەكەشدا بوونە دەستگیر بكرێن.
ئەو رۆژنامە لەندەنییە ئاشكراشی كردووە، كە ”ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە 25ی 1ی 2024، لە هەڵمەتێكی راوەدووناندا، هێزی دەلتای تایبەتی ئەمریكی توانیویەتی (ل پ، بەرپرسی هەواڵگری لە دەزگای دژە تیرۆری یەكێتی لە سلێمانی) دەستگیر بكات و بیگوازێتەوە بۆ بنكەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە سلێمانی (مەعەسكەر سەلام) سەر بە یەكەی حەفتای هێزەكانی پێشمەرگە.“
(قوڕەیش) ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە كاتژمێر شەشی رۆژی 25ی 1ی 2024، بەرپرسی هێزەكانی ئەمریكا لە سلێمانی، لە پەیوەندیدا بە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، هەواڵی رووداوەكە و گرتنەبەری رێوشوێنەكانیانی پێ راگەیاندووە، ئەویش لە وەڵامدا خۆی بەری كردووە لەو كارە و گوتوویەتی من ئاگام لەو بابەتە نییە و لەمبارەیەوە هیچ فەرمانێك لەلایەن منەوە دەرنەكراوە.
رۆژنامەكە ئەوەشی نووسیوە، كە بافڵ تاڵەبانی بە بەرپرسی هێزەكانی ئەمریكای راگەیاندووە، كە لێپرسینەوەی توند لەگەڵ وەهاب هەڵەبجەیی، سەرۆكی دژەتیرۆری یەكێتیدا دەكات و لەسەر ئەو كردەوەیە ”سزای دەدەم“، بەڵام پێیشیگوتوون، بەهۆی فشارەكانی ئێران بۆ مانەوەی لە پۆستەكەیدا، ”ناتوانم لە پۆستەكە لایبدەم.
رۆژنامەی (قوڕەیش)ی لەندەنی لە كۆتایی راپۆرتەكەیدا نووسیویەتی، بەهۆی ئەم ڕووداوەوە، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی، بانگی (وەهاب هەڵەبجەیی، سەرۆكی دژەتیرۆری یەكێتی) كردووە بۆ بارەگای سەركردایەتیی یەكێتیی لە دەباشان و قڕەقڕ و ناكۆكی لە نێوانیان رووی داوە.