پرۆژەی ئاوی ئیفراز چوار، هەزار و 240 بیری ئاو لە شاری هەولێر دادەخات

بڕیارە ئەمساڵ دەستبکرێت بە دروستکردنی پرۆژەی ئاوی ئیفراز چوار، و بەتەواوكردنی ئەم پڕۆژە ستراتیژییە كێشەی كەمئاوی لە هەولێردا بەتەواوی چارەسەر دەبێـت، و لە توانایدایە لە سەعاتێكدا 25 هەزار مەترسێجا ئاو بەرهەم دەهێنێت.

لە ئێستادا لەشاری هەولێر هەزار و 240 بیری ئاو هەیە، کە لە سەعاتێكدا زیاتر 11 هەزار مەترسێجا ئاو دابین دەكەن، سێ پڕۆژەی ستراتیژیش لەسەر زێی گەورە بۆ دابینكردنی ئاوی پاك هەیە، بریتین لە پڕۆژەی ئاوی ئیفراز یەك، ئیفراز دوو، ئیفراز سێ، ئەوانیش لە سەعاتێكدا نزیكەی 12 هەزار مەترسێجا ئاوی پاك بەرهەم دەهێنن.

بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆكانی هەرێم سەربە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، ئاماژە بەوە دەكات كە بەتەواوبوونی ئەم پڕۆژەیە وەك پاراستنی سامانی ژێرزەوی، تەواوی بیرەكانی هەولێر دادەخرێن، هاوكات كێشەی كەمئاویش لە شارەكە چارەسەر دەبێت.

بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەی ئاوی ئیفراز چوار، لە ماوەی رابردوودا شاندێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، سەردانی سعوودیەیان كرد و ئێستاش لەگەڵ كۆمپانیایەكی سعوودی لە گفتوگۆدان بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكە.

ئاری ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتی سەرچاوەكانی ئاو لە هەرێمی كوردستان، لەبارەی پڕۆژەی ئاوی ئیفراز چوار، رایگەیاند، “پڕۆژەی ئاوی ئیفراز چوار، لە ساڵی 2015دا گرێبەستێك كراوە لەگەڵ كۆمپانیایەكی بەریتانی كە بە یەك پاكێج دوو پڕۆژە ئەنجام بدرێت، یەكەمیان بریتییە لە پڕۆژەی ئیفراز چوار و دووەمیان بریتییە لە پڕۆژەی چارەسەركردنی ئاوەڕۆی قورسی سلێمانی، بەهای ملیارێك و 164 ملیۆن دینارە، لەو گوژمەیەش 830 ملیۆن بۆ پڕۆژەی ئاوی ئیفراز چوارە، ئەوەی تریش بۆ پڕۆژەكەی سلێمانییە، بەڵام پڕۆژەكە بەهۆی بابەتی داراییەوە دواكەوت، هەرچەندە وەك هەنگاوی یەكەم دیزاینی پڕۆژەكە، رێوشوێنی پێویست و هەڵبژاردنی شوێنەكە ئامادە كراوە”.

پڕۆژەكە لەسەر زێی گەورە جێبەجێ دەكرێت، کە بەقەد هەرسێ پڕۆژەی ئاوی ئیفراز یەك، ئیفراز دوو، ئیفراز سێ، ئاوی پاك بەرهەم دەهێنێت، لە رێی دوو هێڵی گواستنەوە دەگەیەنرێتە هەولێر، یەكێكیان دەكەوێتە سەر شەقامی 120 مەتری، ئەوەی تر دەكەوێتە سەر شەقامی 150 مەتری، لەوێوە بە حەوت هێڵی تر دەگەیەنرێتە گەڕەكەكان و ئاوی پاك بۆ هاووڵاتییان دابین دەكرێت.

هاوکات بەڕێوەبەری گشتی سەرچاوەکانی ئاو گوتیشی، “ئەو پڕۆژەیە هەنگاو بە هەنگاو دەبێتە پاڵپشتی بۆ هەرسێ پڕۆژەكەی تر، بۆ ئەوەی بتوانین لانیكەم 90%ی بیرەكانی ئاو لە شاری هەولێر لە ماوەی سێ تا پێنج ساڵدا دابخرێن، كاتێك كە ئەم بیرانە دابخرێن بێگومان كۆمەڵێك خاڵی ئەرێنیی هەیە، بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی ژێرزەوی كە ئێستە ئاستەكە لە دابەزیندایە، بەڕێوەبردنی پڕۆژەیەكی وەك ئیفراز چوار ئاسانترە لەوەی زیاتر لە هەزار و 240 بیر بەڕێوە ببەیت، چونكە لەم حاڵەتە ستافێكی هەزار و 500 كەسیت دەوێت كە ئیدارەی بیرەكان بدات.

Back to top button