بۆ سەركۆنەكردنی لەسێدارەدانی چوار گەنجی كورد لەلایەن ئێرانەوە، شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان مانگرتنی گشتییان راگەیاندووە
دوای لەسێدارەدانی چوار بەندکراوی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی، بەشێکی زۆر لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان مانگرتنی سەرتاسەرییان راگەیاندووە.
دوێنێ دووشەممە 29ی 1ی 2024، چوار بەندكراوی سیاسیی كورد، كە پێشمەرگەی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران بوون، بە ناوەكانی موحسین مەزڵوم (27 ساڵ) خەڵكی مەهاباد، وەفا ئازەربار (26 ساڵ) خەڵكی بۆكان، محەمەد فەرامەرزی (28 ساڵ) خەڵكی دێولان، پژمان فاتیحی (29 ساڵ) خەڵكی كامێران، لە بەندیخانەی (قزڵحیسار)ی شاری کەرەج لە ئێران جێبەجێ کرا.
لەسێدارەدانی ئەم چوار بەندکراوە، بووە هۆی تووڕەیی و دڵگرانیی زۆر لای خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و تەواوی خەڵكی كوردستان، بڕیار دراوە ئەمڕۆ سێشەممە 30ی 1ی 2024، لە مانگرتنێکی سەرتاسەریدا، تووڕەیی خۆیان لەو كارەی ئێران دەرببڕن.