خشتەکانی پلە بەرزکردنەوەی ئەفسەرانی هێزی پێشمەرگە گەڕایەوە
راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە:” دوای رەزامەندی بەڕێزان سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، خشتەی پلە بەرزکردنەوەی نەورۆز و ئەیلولی ساڵەکانی ٢٠٢٠ و ٢٠٢١ و خشتەی نەورۆزی ٢٠٢٢ ئەفسەرانی سەر بە فەرماندەیی هێزەکانی(٧٠، ٨٠) و خشتەی پلە بەرزکردنەوەی ئەیلولی ٢٠٢٢ و خشتەی نەورۆزی ٢٠٢٣ی ئەفسەرانی سەر بەوەزارەتی پێشمەرگە گەرایەوە.
راشیگەیاند :” ئەمڕۆ ١ی شوباتی ٢٠٢٤ دوای بڕینی رێکارە یاساییەکان خشتەی پلە بەرزکردنەوەی ئەیلولی ٢٠٢٢ و نەوڕۆزی ٢٠٢٣ ئەفسەرانی وەزارەتی پێشمەرگە و خشتەی نەورۆز و ئەیلولی هەردوو ساڵەکانی ٢٠٢٠ و ٢٠٢١، لەگەڵ خشتەی نەورۆزی ٢٠٢٢ ئەفسەرانی سەر بە فەرماندەیی هێزەکانی(٧٠٫٨٠) ی پێشمەرگە و پاشکۆیی خشتەکانی نەورۆز و ئەیلولی ساڵەکانی( ٢٠٢١٫٢٠٢٠ و نەورۆزی ٢٠٢٢) سەر بەوەزارەتی پێشمەرگە، گەڕایەوە وەزارەتی پێشمەرگە و لەلایەن فەریق روکن عیسا عوزێر سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگەوە رێکارە ئیداری و کارگێرییەکانی بۆ دەگیرێتەبەر.
سەرۆکی ئەرکان رایگەیاند: ئەمە نۆیەمین خشتەی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەرانی هێزی پێشمەرگەی کوردستانە کە کارمان لەپێناو هەرچی زوو گەرانەوەیان کردوە و هەموو هەولێکیش دەدەین بۆ ئەوەی بە زووترین کات خشتەکانی پلە بەرزکردنەوەی تەواوی ئەفسەرانی هێزی پێشمەرگە ڕیچکەی یاسایی خۆی وەربگرێت، هاوکات سەرۆکی ئەرکان دڵنیاییدا کە کار بۆ تەواوکردنی خشتەکانی پلە بەرزکردنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکرێت و بەپێی پێویست و لەکاتێکی گونجاودا، فەرمانی پلە بەرزکردنەوەیان بۆ دەردەچێت.