پارتی و یەکێتی رێککەوتن پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکووک دیاریبکرێت

دوای كۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ڕاگەیاندراوێكی هاوبەشیان بڵاو كردەوە.

ئەمڕۆ یەكشەممە 4/2/2024، دوای كۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە دەباشان، ڕاگەیاندراوێكی هاوبەشیان بڵاو كردەوە، كە ئەمەی خوارەوە دەقەكەیەتی:

کۆبوونەوە دوای هەڵسەنگاندن و گفتوگۆ لەسەر بارودۆخی سیاسی و ئابووریی هەرێمی كوردستان و کێشە چارەسەرنەکراوەکان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ بە گشتی و بودجە و بژێوی ژیان و مووچەی فەرمانبەران بە تایبەتی، لەلایەک و هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لەلایەکی دیکەوە، دوای بیروڕاگۆڕینەوە و لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەیی و نیشتمانی، هاوڕا بووین لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە:

١ – هەردوولا کۆک بووین لەم قۆناغەدا لەپێناو بەرژەوەندیی هاووڵاتیاینی پارێزگای کەرکوک

بە هەموو پێکهاتەکانیەوە پارێزگارێکی کورد دیاری بکرێت بۆ خزمەتی خەڵکی شار و شارۆچکەکان.

٢ – هەردوولا هاوڕا بووین ئەرکی سەرشانی یەکێتی و پارتی و سەرجەم لایەنە کوردستانییەکانە قەوارەی هەرێم بپارێزن و پارێزگاری لە دەستکەوتەکانی شۆڕش و خەبات و خوێنی شەهیدانى کوردستان بکەین.

٣ – بۆ چارەسەری کێشە سیاسی و ئابوورییەکانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی، لە ئاستێکی باڵا هەردوولا پێکەوە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان بە گشتی و بژیوی و ژیان و خزمەتگوزاری و بودجە و مووچە بدەین بە تایبەتی.

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

پارتی دیموکراتی کوردستان

Back to top button