وەزارەتی تەندروستی چوار نەخۆشخانەی گەرمیان بۆ نەخۆشخانەی فێرکاریی دەگۆڕێت

وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان رەزامەندیدا لەسەر گۆڕینی چوار نەخۆشخانەی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان بۆ نەخۆشخانەی فێرکاریی بۆ ئەوەی لەلایەن کۆلیژ و پەیمانگە پزیشکییەکانی ناوچەکەوە سوودیان لێوەربگیرێت.

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی گەرمیان رایگەیاند، بە فەرمانی وەزاریی ژمارە (137) لە (10ـی کانوونی دووەمی 2024) کە واژۆی سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لەسەرە، هەر چوار نەخۆشخانەکەی سنووری گەرمیان (نەخۆشخانەی گشتی کەلار، نەخۆشخانەی گشتی شەهید خالید گەرمیانی لە کفری، نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار لە کەلار و نەخۆشخانەی شەهید شێرەی نەقیب بۆ ژنان و منداڵبوون لە کەلار)، بکرێن بە نەخۆشخانەی فێرکاریی و بەکاربهێندرێن بۆ سوودلێوەرگرتنی لەلایەن کۆلیژ و پەیمانگا پزیشکییەکانی سنوورەکەوە.

تەندروستی گەرمیان ئاماژەی بەوەشکردووە، هیوادارن هەردوو زانکۆی گەرمیان و زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیان لە کەلار و کفری، بەردەوام هاوکاری کەرتی تەندروستی بن و بەشداربن لە زیاتر بەرەوپێشبردنی ئاستی خزمەتگوزارییەکان.

کۆلیژی پزیشکی لە زانکۆی گەرمیان لە ساڵی 2018 دامەزراوە و لە ماوەی رابردوو بەهۆی چەندین کێشە لە بوونی مامۆستای پزیشکی پسپۆڕ و نەبوونی تاقیگەی پێویست گرفتیان هەبووە و چەند جارێک خوێندکارانی ئەو کۆلیژە ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.

بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتانەش، بە هەماهەنگی نێوان هەردوو وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی و تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، چەند رێکارێک گیرایەبەر لەوانەش، پێشتر وەزیری تەندروستی رەزامەندیدا بۆ دەستەبەرکردنى ستافى پێویست بۆ کۆلیژەکە لە رێگەى گواستنەوەیان بۆ سەر میلاکى کۆلێژى پزیشکى و دواتریش تەنسیب کردنەوەیان بۆ سەر وەزارەتى تەندروستى بە رەچاوکردنی رێوشوێنە زانستی و کارگێڕییەکان.

نووسراوەکەی وەزارەتی تەندروستی
نووسراوەکەی وەزارەتی تەندروستی
Back to top button