مهسرور بارزانی بۆ كەناڵی ئێن بی سی ئەمریكی: جۆری هەڕەشەكان گۆڕاون و پێویستمان بە هاوكاری زیاتر و مانەوەی ئەمریكا و هاوپەیمانانە
سهرۆكوهزیران مهسرور بارزانی له چاوپێكهوتنێكدا لهگهڵ كەناڵی ئێن بی سی ئەمریكی رایگەیاند: “پێویستمان بە هاوكاری زیاتری ئەمریكایە و مەبەستمان ئەوە نییە پێویستمان بە سەربازی زیاترە، نەخێر ئێمە پێویستمان بە توانای سەربازی زیاترە بۆئەوەی توانای سەربازی پێشمەرگەمان بگاتە ئاستێك نەك تەنیا بەرگری لە خۆمان خەڵكی خۆمان بكەین بەڵكو بەرگری لە هەموو ئەوانەش بكەین لە هەرێمی كوردستانن”.
لەبارەی شەڕی دژی تیرۆرەوە سەروکی حکومەت گوتی “گرنگ نییە كێ لە پشت كردەوەی تیرۆریریستییەوەیە، پێویستە ئێمە رووبەڕووی خودی تیرۆریزم ببینەوە”، ئەم گوتانەی مەسرور بارزانی هاوکاتە لەگەڵ هێرشە درۆنییەكانی ئەمریكا لە بەغدا و كوشتنی دوو سەركردەی حەشدی شەعبی، هەندێك لە سیاسییەكانی بەغداش داوای كۆتاییهێنان بە ئەركی سوپای ئەمریكا لە عێراق دەكەن.
مەسرور بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان روونیکردەوە: “سرووشتی هەڕەشەكان گۆڕاون پێمانوایە پێویستمان بە هاوكاری زیاترە لە رووی سەربازی، ئابووری و سیاسییەوە. چونكە ئەو ئاڵنگارییانەی رووبەڕوومان بوونەتەوە جیاوازن وەك لەو هەڕەشانەی داعش كە پێكەوە رووبەڕوویان بووینەوە. پێشبینی هاوكاری زیاتر دەكەین لە ئەمەریكاوە. هاوپەیمانە ئەمریكییەكانمان پێماندەڵێن دەمانەوێت كوردستانێكی بەهێز ببینین چۆن؟ واتە پێویستە لە رووی ئابووری، سیاسی و سەربازییەوە بەهێز بین بۆئەوەی بتوانین لەبەرامبەر هەڕەشەكان خۆمان بپارێزین”.
لە درێژەی قسەکانیدا، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی باسی لەوەشکردووە: “وەك دەزانی چەند رۆژێك لەمەوبەر بە درۆن و مووشەك هێرشمانكرایەسەر توانای ئەوەمان نییە لەبەرامبەریان خۆمان بپارێزین. كە دەڵێین پێویستمان بە هاوكاری زیاتری ئەمریكایە مەبەستمان ئەوە نییە پێویستمان بە سەربازی زیاترە، نەخێر ئێمە پێویستمان بە توانای سەربازی زیاترە بۆ ئەوەی توانای سەربازی پێشمەرگەکانمان بگاتە ئاستێك نەك تەنیا بەرگری لە خۆمان و خەڵكی خۆمان بكەین، بەڵكو بەرگری لە هەموو ئەوانەش بكەین لە هەرێمی كوردستانن.”
سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی لەبارەی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان ئاماژەبەوەشدەكات، راگرتنی هەناردەی نەوت و نەدانی بەشەبودجەی هەرێمی كوردستان بارگرانی دروستكردووە و خەڵكی تووشی كێشە بوونەتەوە، كۆمپانیا بیانییەكانیش كە ژمارەیەكیان ئەمریكین و لە هەرێمی كوردستان وەبەرهێنانیان كردووە تووشی كێشە بوون. بەڵام سەرۆكوەزیرانی فیدراڵ سوودانی نیازپاكی نیشانداوە و ئومێد هەیە كێشەكان چارەسەر بكرێن.
لەبارەی زیادبوونی هێرشی درۆن و مووشەكییەكان، ئاماژەیەكی روونە، بۆ هەبوونی شەڕێكی نوێ لە ناوچەكە، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان رایگەیاندووە:” ئێمە پێناسەی تیرۆریزم باش دەزانین، گرنگ نییە كێ لەپشت ئەم كردەوە تیرۆریستییەوەیە، پێویستە ئێمە رێگری لە خودی كردەوە تیرۆریستییەكە بكەین. پێویستە رووبەڕووی تیرۆریزم ببینەوە، نەك ئەوەی لەپشتی كردەوەكەوەیە. ئەمە تێروانینی منە لەبارەی ئەو هەماهەنگی و هاوكارییەی لەگەڵ ئەمریكا و هاوپەیمانەكانمان هەمانە. بۆئەوەش بەدڵنیاییەوە پێویستمان بە پشتیوانی ئەمریكایە. بەبێ هاوكاری و پشتیوانی ئەمریكا زۆر زەحمەت و پڕ ئاڵنگاری دەبێت”.
هەروەها سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی گوتیشی، “ئێمە هەمووكات لەبەرەی پێشەوەی شەڕی دژی تیرۆریزم بووین. وەك دۆست و هاوپەیمان ئێمەش دەبێت ئەوەندە توانامان هەبێت، پێویستیشمان بە پشتیوانی ئەمریكایە. سوپای ئەمریكا زۆر پشتیوان و هاوكاری عێراق بووە لە شەڕی دژی تیرۆریزم و مانەوەیان لە هەرێمی كوردستان پێویستە، هیچكات داوای كشانەوەی سوپای ئەمریكامان نەكردووە.”
سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی دەشڵێت: “ئەمریكا دەتوانێت و دەكرێت زیاتر بكات، لەوەی تەنیا لەكاتی كوژرانی سەربازەكانیدا بەشێوەیەكی سنووردار وەڵامبداتەوە. دەكرێت سیستمی بەرگری ئاسمانی و چەكی پێشكەوتوو و راهێنانی زیاتر بداتە پێشمەرگە”.