شاخەوان عەبدوڵڵا پرسی هێرشەكەی ئێرانی بۆ سەر هەولێر بردە بارەگای گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان

دوایی ئەوەی بە بانگهێشتێكی فەرمی د. شاخەوان عەبدوڵڵا جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق گەیشتە نیۆرك بۆ بەشداری كردن لە كۆبوونەوەی پەرلەمانی وڵاتان كە لەلایەن كۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان سەرپەرشتی دەكرێت.

شاخەوان عەبدوڵڵا كە سەرۆكی شاندی عێراقە لە بارەگای نەتەوەیەكگرتووەكان، دوێنێ پێنجشەممە 8ی شوبات لەبارەگای نەتەوەیەكگرتووەكان لە بەشێكی وتارەكەی باسی لە هێرشەكەی ئێران بۆ سەر هەولێر كرد كە بەهۆیەوە هاووڵاتی سڤیل و لەناویشیاندا منداڵی یەك ساڵ شەهید بوون.

لە بەشێكی وتەكانیدا شاخەوان عەبدوڵڵا لە بارەگای نەتەوەیەكگرتووەكان لەبەردەم پەرلەمانی وڵاتاندا رایگەیاند، هەڵكشانی  ئاستی کێشمەکێش و جەنگە سەربازییەکان و پشێویەکان لەم ساڵانەی دوایدا، بووەتە مایەی دڵەڕاوکێیەکی گەورە و مەترسیەکی راستەقینە لەسەر ئایندەی گەلان و سەقامگیری وڵاتان.

جێگری سەرۆكی پەرلەمان زیاتر گوتی، ئێمە پێویستمان بە رۆڵێکی زیاتر و وەڵامدانەوەیەکی چالاکتر و ئەرێنی هەیە لەنێوان پەرلەمانەکان، وەک دامەزراوەیەکی دەستووری کە رەوایەتی یاسایی هەیە، لە دەرکردنی بڕیارەکان و پەسەندکردنی ئەو پرۆتکۆلانەی کە پێوەندییە نێودەوڵەتیەکان و چونەپاڵ رێککەوتنەکان رێکدەخات، کە هێزی ئەنجامدانی گرێبەستی هاوبەشی سیاسی، ئابووری و سەربازی دەبەخشێتە حکومەتەکان لەنێوان وڵاتە هاوکارەکاندا.

شاخەوان عەبدوڵڵا سەرنجی وڵاتانی راكێشا لەبارەی هێرشەكەی ئێران بۆ سەر هەولێر و رایگەیاند، بەردەوامیی دڵەڕاوکێی عێراق شاراوە نییە لاتان، بەهۆی بەردەوامی پێشێلکارییەکانی هەندێک لە وڵاتانی دراوسێ لەسەر سەروەری نیشتمانی، کە دواینیان بۆردمانی ئێرانی بوو بە مووشەکی بالیستی بۆ سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانی عێراق و شەهید کردنی ژمارەیەک لە هاوڵاتی سڤیلی بێتاوان.

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق روونیشیكردەوە، ئاسایشی نێودەوڵەتی بەهێز نابێت، بێ پابەندبوون بە ڕێساکان و مەرجی رێککەوتنەکان، لەسەر بنەمای رێزگرتن لە یاسای نێودەوڵەتی و رێگرتن لە پێشێلکاری و دەستدرێژیەکان، کە سنوورەکانمان دەگرێتەوەو دەگاتە ناو قوڵایی خاکەکەمان، بەبێ هیچ پاساوێک.

شاخەوان عەبدوڵڵا داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتی پەرلەمانی نێودەوڵەتی كرد، بەرپرسیارێتی خۆی پیادە بکات، لە پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەڵەتی و وەستان لەپاڵ عێراق و رێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی دوژمنکاریە سەربازییەکان، بەوپێیەی لەکاتی بەردەوامبوونیدا، دۆخەکە ئاڵۆز دەکات و رووبەرێکی فراوانتر بۆ قەیران و ململانێکان دەخووڵقێنێ.

Back to top button