حەج و عومرەی کوردستان : ئەوانەی دەچن بۆ حەج 100 دۆلاریان بە 132 هەزار دینار بۆ دەشکێندرێتەوە
حەج و عومرەی کوردستان رایدەگەیەنێت، دواجار بە هەوڵی هەموو لایەك توانرا پارەی حاجییانی ئەمساڵ 2024 بە دینار عێراقی وەربگیرێت، لەسەر بنەمای نرخی دولار بۆ هەر 100 دۆلار، 132 هەزار دیناری عێراقی، تەنیا یەك هەفتەش لە بەردەم حاجییان هەیە پارەكەیان بدەن.
شێخ نیاز راغب بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی كوردستان، رایگەیاند، نووسینگەكانی حەج و عومرەمان راسپارد كە لە سبەیەوە دەست بە وەرگرتنی پارەی حاجییان بكەن كە ماوەی هەفتەیەك بەردەوام دەبێت و لە 18ـی شوبات كۆتایی دێت، هەر كەسێك لەو ماوەیەدا پارەی حەج نەدات، مافی حەجكردنی نامێنێت.
گوتیشی” ئاگاداری ئەو كەسانە دەكەینەوە كە بۆ ئەمساڵ ناویان بۆ سەفەری حەج دەرچووە لە رێی نووسینگەكانی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان لە پارێزگاكانی هەولێر – سلێمانی – دهۆك – هەڵەبەجە، هەروەها ئیدارە سەربەخۆكانی سۆران – راپەرین – زاخۆ – گەرمیان، دەست بە وەرگرتنی پارە حاجییان دەكرێت.
روونی كردەوە، ئەو كەسانەی ناویان بۆ حەج دەرچووە و پاسپۆرتیان نییە یان ماوەیان بەسەرچووە، بە زووترین كات لە ماوەی یەك هەفتەدا دەست بە دەرهێنانی پاسپۆرت بكەن بە پێچەوانەوە مافی حەجكردنیان نامێنێت.
ئەوەشی باس کرد، تێچووی حەجی حاجییانی هەرێمی كوردستان، هەمان تێچووی حاجییانی عێراقە كە بۆ گەشتی ئاسمانی بە فڕۆكە بریتییە لە شەش ملیۆن و 350 هەزار دینار، بۆ گەشتی وشكانی بە پاس تێچووی پێنج ملیۆن و 300 هەزار دینارە، هەروەها هەر كەسێك مامەڵەكانی تەواو بكات و پارەكە بدات، دواتر بە هەر بیانوویەك بێت ئەو بڕە پارەیەی بۆ ناگەڕێتەوە ئەگەر گەشتی حەج نەكات.