كونسوڵخانەی گشتیی ئەمریكا: مایەی خۆشحاڵیمانە كە ئەو كۆمەڵگە پتەوەی ڕاگەیاندن لە هەرێمی كوردستان چالاكن
كونسوڵخانەی گشتیی ئەمریكا لە هەولێر، خۆشحاڵیی خۆی بە چالاكیی كۆمەڵگەیەكی پتەوی ڕاگەیاندن لە هەرێمی كوردستان دەربڕی.
بەپێی ڕاگەیاندراوێك كە لە پێگەی فەرمیی كونسوڵخانەی ئەمریكا لە هەولێر بڵاو كراوەتەوە، مارک سترۆ، كونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر، لەگەڵ ژمارەیەک ڕۆژنامەنووس و سەرنووسەری ناوەندە میدیاییە جیاوازەکان کۆ بووەتەوە بۆ ئاشنابوون بە کارەکانیان و پانتایی کاری ڕاگەیاندن و ئەو ئاڵنگارییانەی ڕووبەڕووی ڕاگەیاندنەکان دەبنەوە.
هەروەك ڕوون كراوەتەوە: لە هەر شوێنێکی ئەم دونیایەدا بێت، ڕاگەیاندن ڕۆڵێکی گرنگ و بنەڕەتیی هەیە لە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا و ئاڕاستەکردنی بۆچوونی کۆمەڵگا و ڕووبەڕووکردنەوەی حکومەت بەرامبەر بەرپرسیارێتییەکانی و پێویستە لە هەموو جێیەک پارێزگاریی لێ بکرێت.
كونسوڵخانەكە ڕاشكاوانە ڕایگەیاندووە: ئەو کۆمەڵگا پتەوەی ڕاگەیاندن کە لە هەرێمی كوردستاندا چالاکن، مایەی خۆشحاڵیمانە و پشتیوانی لە هەوڵە بەردەوامەکانیان دەکەین بۆ ڕووماڵکردنی هەواڵەکان و دەستڕاگەیشتن بە زانیاری.