بڵند ئیسماعیل: مەسرور بارزانی لە لوتكەی جیهانیی حكوومەتەكان باسی مافی چارەی خۆنووسینی كرد، ئەمەش گرنگ بوو
بڵند ئیسماعیل، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی، رایگەیاند: “ئەو هەموو ئاستەنگ و فشارانە چ لە رووی ئابووری، سیاسی، ئەمنی لەلایەن وڵاتانی هەرێمی و عێراقەوە لەسەر حکومەتی هەرێمی كوردستان هەیە، بۆیە لەکاتێکی وادا، بەشداریکردنی کاک مەسرور بارزانی لەو لوتكەیە، کە هەر ناونیشانەکەی هی ئەوەیە دەوڵەت بەشداری تێدا بکات، نەک هەرێمێک، کەواتە دوو جار گرنگی هەیە، یەکەم بەشداریکردنی جەنابیان، دووەم میوانداریکردنیان لە کۆنگرەی دەوڵەتاندا، واتا حسابی سەرۆکی دەوڵەتێکی بۆ کراوە، كە بە ئاڵای کوردستانەوە پێشوازی لێ کرا.”
ئەندامەکەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دەشڵێت: “بەشداریکردنی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی كوردستان لە لوتكەکەدا، رۆڵی دەبێت لە بەرەوپێشوونی زیاتری کوردستان، ئەمە سەرەڕای ئاستەنگەکان، کە وا مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا دەکرێ، کە گوایە بچووک كراوەتەوە و بەهۆی فشارەکان دەڕووخێ، بەڵام بەپێچەوانەوە، ئەگەر لە چاوی خەڵکی دەرەوە تەماشای حكومەتی هەرێمی كوردستان بکەین، دەبینین ئەوان کوردستان وەک دەوڵەتێک دەبینن، بەڕاستییش ئێستا هەرێمی کوردستان دەوڵەتێکە لە ئەمری واقیعدا، لەنێو دەوڵەتێکی شکستخواردوودا، کە عێراقی پێ دەڵێن.
بۆیە لە رووی گرنگییەوە ئەم بەشداربوونەی سەرۆكی حكوومەتی كوردستان باسی ئێگجار گرنگ هەڵدەگرێ، پێویستە میدیاکانیش زۆر گرنگی بەم بابەتە بدەن، هەم لە رووی سیاسی و هەم دیبلۆماسیش.”
بڵند ئیسماعیل، گوتیشی: “باسکردنی مافی چارەی خۆنووسینی کورد لە وتارەکەی جەنابی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی كوردستان زۆر گرنگ بوو، لەبەر چەند هۆکارێک، لەوانە، باسکردنی کێشە هەرێمییەکان، ئەو دەوڵەتانەی لە ناوچەکەدان سەقامگیریان دەوێ و لەوانەی کێشەیان دەوێ، یان کێشە دروست دەکەن، پێویستە لە یەک جیابکرێنەوە، ئەمە زۆر روون بوو.
#Xwakurk #خواکوڕك