بۆ هەر ئەگەرێکی نەخوازراو و مەترسی دروستبوونی لافاو، حاڵەتی ئامادەباشی لە هەولێر راگەیاندرا
بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی لە سبەینێوە شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و بۆ ماوەی چەند رۆژێک بەردەوام دەبێت، بۆ هەر ئەگەرێکی نەخوازراو و مەترسی دروستبوونی لافاویش، سەرجەم فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی پارێزگای هەولێر، خرانە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.
راگەیاندنی پارێزگای هەولێر بڵاوی کردەوە: “ئەمڕۆ سێشەممە 13/2/2024، بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ههولێر و بەئامادەبوونی مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگار، لە دیوانى پارێزگا، کۆبوونەوەیەکی تایبەت لهگهڵ قائیمقام و بەرپرسانى فهرمانگه خزمەتگوزارییەکان و لایهنه پهیوهندیدارهكانی سنووری پارێزگای هەولێر سەبارەت بە نالەباری ڕەوشی کەشوهەواو و پێشبینیەکانی کەشناسی کە لەماوەی دوو ڕۆژی داهاتوودا ڕێژەیەکی زۆری دابارینی باران لەماوەیەکی کەمدا دەبارێت و مەترسی دروستبوونی لافاوی لێدەکرێت، ئەنجامدرا.”
ئەوەش خراوەتە روو کە لە کۆبوونەوەکەدا، دواى هەڵسانگدنی رەوشەکە و بە دواداچوون بۆ سەرجەم ئەو هەنگاو و کارانەی کە لە ماوەى رابردوودا لەلایەن فەرمانگە خزمەتگوزارییەکانەوە بۆ زستانى ئەمساڵ و وەرزى بارانبارین و رێگری و كهمكردنهوهی مهترسییهكانی لافاو و رووبەڕووبوونەوەى هەر ئەگەرێکى نەخوازاروی گۆڕانی کەش و هەوا کراوە کرا، سەرجەم فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان، بۆ روودانی هەر ئەگەرێکی نەخوازراو و پێشبینی نەکراو خرانە حاڵەتی ئامادەباشى تەواو و کۆبوونەوە گەیشتە ئەم بڕیارانە:
1- سەرجەم قائیمقام و بەڕێوەبەری ناحییەکان راسپێردران، هەریەک لە سنووری خۆی ژووری عەمەلیات پێکبهێنێت و لە ئامادەباشى تەواودابن بۆ روودانى هەر ئەگەرێکى نەخوازراو و چارەسەرکردنى هەموو ئەو گرفت و کێشانەى کە دەبنە هۆکار و مەترسى دروستبوونى لافاو.
2- سەرۆکایەتى شارەوانى، بەڕیوەبەرایەتى گشتی شارەوانییەکان، بەڕێوەبەرایەتییەکانى ئاو و ئاوەڕۆى هەولێر و ئاودێرى، راسپێردران لەپاککردنەوەى رێرەى (ئاوى سروشتى باران، ئاوى قورس، کەند و سەرجەم چاڵەکانی ئاو وەرگرتن، مەنهۆلەکان، ئاوەڕۆكان) بەردەوام بن، بەتایبەتى ئەو شوێنانەى کە مەترسییان هەیە ببێتە هۆکارى کۆبوونەوەى ئاو و دروستبوونى لافاو.
3- سەرجەم لایەن و فەرمانگاکان لەحاڵەتی ئامادەباشی و هەماهەنگی دابن بۆ هەر ئەگەر و پێشهاتێک.
4- دواى ئهو هەموو هەوڵ و کارەکانەى کە لەماوەى ساڵانى رابردوودا و بەر لەوەرزى باران بارینى ئەمساڵ لە پێناوى روونەدانى لافاو و کەمکردنەوەى مەترسییەکانى گۆڕانکارى کەش و هەوا لەناوچەکەدا کراوە، سەرجەم فەرمانگە و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە بەرامبەر هەر کەم و کوڕى و کەمتەر خەمییەک کە ببێتە هۆى مەترسى دروستبوونى لافاو و روودانى هەر حاڵەتێکى نەخوازرا، هەریەکه و بەئاستى بەرپرسیاریەتى خۆى بەرپرسیارە.
5- سەرجەم شار و سیتیەکانى هەولێر بەرپرسن لە خزمەتگوزاریى پاککردنەوەى ڕێرەى ئاوى سروشتى باران، ئاوى قورس، کەند و سەرجەم چاڵەکانی ئاو وەرگرتن و مەنهۆلەکان و خاوێنكردنەوەی ئاوەڕۆكان.
6- ناوەندی قەیرانەکانی پارێزگا و دەزگای خێرخوازی بارزانی، بە هەماهەنگی فەرمانگەکان و کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت، لەئامادەباشی تەواو دادەبن.
7- (بەرگری شارستانی، پۆلیس، پۆلیسی هاتووچۆ، زێرەڤانی، تەندروستی) لە ئامادەباشى تەواودابن بۆ روودانى هەر ئەگەرێکى نەخوازراو و مەترسى دروستبوونى لافاو.
8- تیمەکانی پاراستنی ڕێگا و بانی هەولێر، دابەشدەکرێن بەسەر رێگا گشتی و سەرکیەکان، بەتایبەتی ئەو شوێنانەی کە مەترسی دروستبوونی لافاوی لەسەرە.
هەروەها ئاماژە بەوەش دراوە: “لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا دووبارە جەخت لە هەماهەنگی نێوان هەموو فەرمانگەکان کرایەوە و داواش لە هاووڵاتییان کرا هەمانگ و هاوکاری تیمەکان و پابەندی رێکار و رێنوێنییەکان بن و نزیک نەبنەوە لە رووبار و ئەو شوێنانەی ئاستی ئاوییان بەرز دەبێتەوە.”