رۆژی چوارشەممە 14ی شوباتی 2024، لە سەڵاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز دەیڤید برگەر باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق بە وەكالەت و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارەكەدا بیروڕا لەبارەی دوایین پەرەسەندەكانی عێراق و ناوچەكە و هەڕەشەكانی تیرۆر و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراقی فیدڕاڵ و ئاستەنگەكانی بەردەم ئەو پەیوەندییانە ئاڵوگۆڕ كرا.

هەر لەو دیدارەدا پەیوەست بە بارودۆخی گشتی عێراق و هەرێمی كوردستان سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە پێویستە هەموو لایەك پابەندی ئەو دەستوورە بن كە گەلانی عێراق دەنگیان پێ داوە و قەوارەی هەرێمی كوردستان و دامەزراوەكانی بپارێزرێن. ناشبێ بەشێوەیەكی نادەستووری دەست لە پڕۆسەی یاسادانانی هەرێم بكرێت. هەروەك لە دەستووریشدا بەڕوونی هاتووە لە دۆخی بوونی جیاوازی لەنێوان یاساكانی هەرێم و یاساكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەبوو ئەوە ئەولەوییەت بۆ یاساكانی هەرێم دەبێت.

لە بەشێكی تری وتەكانیدا سەرۆك بارزانی هێماشی بەوەدا كە پێویستە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام بدرێن و نابێ بە بیانووی نادەستووری دەست لە پڕۆسەی هەڵبژاردن و رێوشوێنەكانی وەربدرێت و نابێ كۆسپی بۆ دروست بكرێت و هەوڵ بۆ دواخستنی بدرێت بە بیانووی بوونی تانە یاساییەكان.
لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش سەرۆك بارزانی ئەوەی خستەڕوو كە خوازیاری ئەوەن پێكهاتەی سووننە بە لێكتێگەیشتن لەنێوان خۆیاندا لەسەر كاندیدێك رێك بكەون و هەموو لایەكیش هاوكار بن بۆ سەركەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.

سەبارەت بە دۆخی مانەوەی هێزی هاوپەیمانان لە عێراق سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەدا كە ئەم بابەتە پرسێكی نیشتمانییە و پەیوەست نیە تەنیا بە پێكهاتەیەكی دیاریكراو و دەبێ ئەم بابەتە لە لایەن حكومەتی عێراقەوە و لە رێگەی وەزارەت و دامەزراوە فەرمییەكان بە گفتوگۆ لەگەڵ هاوپەیمانان بگەنە رێككەوتن و ئەنجام. دەبێ هەموو پێكهاتەكانی عێراقیش ئەو راستییە بزانن كە هێشتا هەڕەشەی تیرۆر و مەترسی سەرهەڵدانەوەی هەر بەرقەرارە. هەر لەبارەی ئەم پرسەوە سەرۆك بارزانی ئەوەی زیاتر بۆ شاندی میوان روونكردەوە كە پێویستە هەموو لایەك پشتیوانی پڕۆسەی دیالۆگ و رێككەوتنی نێوان حكومەتی عێراق و هاوپەیمانان بن و ئەم بابەتە ئەركی پەرلەمان نییە و لەپێناو بەرژەوەندییەكانی عێراق دەبێ دوور بێت لە موزایەدەی سیاسی و لێكەوتە و هاوكێشەكانی هەرێمایەتی و دەبێ بەرژەوەندی و سەقامگیری و ئاسایشی هەموو شوێن و پێكهاتەكانی عێراق لەبەرچاو بگیرێت.

هەموو لایەکیش باش دەزانن ئەگەر ئەمریکا رژێمی پێشووی نەڕووخاندبا و یارمەتی عێراقییەکانی لە پڕۆسەی ئازادی عێراق نەدابا، ئەوانەی ئێستا لە عێراق دەستەڵاتدارن هەرگیز نەیاندەتوانی حوکمی عێراق بکەن.

Back to top button