سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شێخ محەمەد بن راشد کۆبوویەوە
ئەمڕۆ چوارشەممە 14ی شوباتی 2024، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی، لە شاری دوبەی، لەگەڵ شێخ محەمەد بن راشد ئال مەکتووم جێگری سەرۆکی دەوڵەتی ئیمارات و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و حاکمی میرنشینی دوبەی كۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە شێخ حەمدان بن محەمەد بن راشد جێنشینی دوبەی و مەکتووم بن محەمەد بن راشد جێگری یەکەمی حاکمی دوبەی و ژمارەیەکی دیکەی لە بەرپرسانی باڵای ئیمارات ئامادەی بوون، گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئیمارات کرا.
سەرۆکی حکومەت سوپاسی پشتیوانی بەردەوامی دەوڵەتی ئیماراتی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد.
شێخ محەمەد بن راشد، خۆشحاڵی خۆی بە بەشداری شاندی هەرێمی کوردستان لە لوتکەی جیهانی حکومەتەکان لە دوبەی نیشاندا و ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ برەودان بە پەیوەندی دوولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا دەربڕی.