پارتی وەڵامی تووندی حكومەتی توركیا دەداتەوە

خواكوڕك 

وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو لەبارەی هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە شاری كەركووك دەلێت ئێمە پێمان وایە ئەو دەنگدانەی حکوومەتی هەرێم ئەنجامیداوە، درووست نییە، هەورەها ئاماژەی بەوەکردووە لە کەرکووک ژمارەیەکی زۆر تورکمان دەژین و عەرەب و کوردیشی لێیە. 

جەختی لەوەشکردەوە کەرکووک شارێکە زیاتر لە یەک نەژادی تێدا دەژی و رایگەیاند: ”ئێمە پێمان وایە ئەو دەنگدانەی حکوومەتی هەرێم ئەنجامیداوە، درووست نییە. بەرلە هەموو شتێک گۆڕینی پێکهاتەی نەژادیی ئەو ناوچەیە، درووست نییە. درووستکردنی ئەمری واقع کارێکی راست نییە. هاویشتنی هەنگاوی تاکلایەنە، سوودێکی لێ ناکەوێتەوە. لە دۆخێکدا کە عێراقی لەئێستادا تێدایە و بەرەنگاری داعش دەبێتەوە، هەنگاوێکی لەوجۆرە، هیچ سوودێکی بۆ داهاتووی عێراق نابێت، هەروەها سوودی بۆ سەقامگیریی و ئاسایشی ئەو وڵاتەش نابێت. ئێمە پشتیوانیی لە سەروەریی سنوور و یەکپارچەیی خاکی عێراق و سووریا دەکەین. پشتیوانیی لەو هەنگاوە ناکەین و پێمان درووست نییە. خوازیارین هەمووان لەچوارچێوەی لێپرسراوێتییدا مامەڵە بکەن”.

لەبەرامبەر دا ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان وەڵامی تووندی هەڵوێستەكانی توركیا دەداتەوە و دەلێت دەبێت دەوڵەتی توركیا ئەوە بزانێت، كە چیتر سیستەمی یەک ئاڵا و یەک زمان و یەک دەوڵەت و یەک نەتەوە کاریگەر نییە، ودەبێت دەوڵەتی توركیا لەناوەخۆی دا چاكسازی بكات، ئەو سیستەمە تاك گەرایە بگۆڕێت”.

عەلی عەونی لە وتارێكی دا كە لەبەشی وتاری ماڵپەری خواكوڕك بڵاو كراوەتەوە لەسەر ئاڵای كوردستانی نووسیەوە، لەبەشێكی وتارەكەی دا باس لەهەڵوێستی توركیا دەكات و دەلێت هەڵویستی دەوڵەتی تورکیا و نارازیبوونیان لەسەر بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان، هەڵویستێکی نابەجێ یە. ئەوان مافیان نییە لەبارەی شێوەی ژیان و بڕیارەکانی گەل و ولاتێکی دیکە بڕیار بدەن. ئەوە گەلی کوردستانە کە بڕیار دەدات ئەو ماددە دەستورییەی عێراق کە حکوومەتی بەغدا ماوەی دوانزە ساڵە لێی هەڵدێت و نایەوێت جێبەجێی بکات، چۆن چۆنی جێبەجێی بکات. درەنگ یا زوو خودی دەوڵەتی تورکیاش دەبێت لەناو خۆی تورکیا دەست بکات بە چاکسازی سیاسی. چونکە چیتر سیستەمی یەک ئاڵا و یەک زمان و یەک دەوڵەت و یەک نەتەوە کاریگەر نییە.

Back to top button