شیفا بارزانی لە پەرلەمانی کەنەدا: داوادەکەین کەنەدا پارێزگاری لە هەرێمی کوردستان بکات
لە گوتارێکدا لەپەرلەمانی کەنەدا شیفا بارزانی بەرپرسی رەوەندی کوردستانی لە دەرەوە رایگەیاند، پێویستە پەرلەمانی کەنەدا گوشار لە حکومەتی ئەو وڵاتە بکات تا وەک هاوپەیمانێک گرنگی بە هەرێمی کوردستان بدەن و پارێزگاری لێبکەن.
هاوکات، ئاڵی ئیحساسی ئەندامی پەرلەمانی کەنەدا ئاماژەی بەوەدا، بەشێکی زۆری ئەندام پەرلەمانەکانی کەنەدا پەیوەندییان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە، گرنگە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەولێر بەهێزتر بکەن و هاوشانی خەڵکی هەرێم دژی دەستدرێژییەکانی ئێران و گروپە چەکدارەکان بوەستنەوە.
دۆسیەی هێرشی مووشەکی بۆسەر هەولێر و شەهیدکردنی هاووڵاتی سڤیل، برایە پەرلەمانی وڵاتێکی زلهێزی جیهان، ئەویش پەرلەمانی کەنەدایە و شیفا بارزانی بەرپرسی رەوەندی کوردستانی لەدەرەوە لەپەرلەمانی کەنەدا گوتارێکی پێشکەشکرد و تیایدا تیشکی خستەسەر چەند پرسێکی گرنگ و جێی بایەختی پەیوەست بەهەرێمی کوردستان.
لەگوتارەکەیدا شیفا بارزانی سوپاسی هاوکارییەکانی ئۆتاوای بۆ هێزەکانی پێشمەرگە کرد بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و سەرکەوتن بەسەر مەترسی داعشدا.
لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا لەپەرلەمانی کەنەدا شیفا بارزانی باسی لەهێرشە مووشەکییەکانی سەر هەولێر کرد و داوای لەئەندام پەرلەمانەکانی کەنەدا کرد گوشار بخەنە سەر حکومەتی ئەو وڵاتە تا بەشێوەیەکی باشتر وەک هاوپەیمانێک پارێزگاری لەهەرێمی کوردستان بکەن.