🔴د.سامان شاڵی: مەسرور بارزانی لە وتارەكەیدا پەیامێكی زۆر روونی بەتەواوی حكومەتەكانی جیهان دا
د.سامان شاڵی، چاودێری سیاسی و شارەزا لە سیاسەتی نێودەوڵەتی رایگەیاند، دەنگی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەم كاتەدا، كە بگاتە دەرەوە، گرنگیی زۆری بۆ هێزی دیپلۆماسیەتی هەرێمی كوردستان هەیە، هەروەها بە بەشداریكردنی سەرۆكی حكوومەتی كوردستان لەو لوتكە جیهانییانە، دەتوانرێ سوود لە ئەزموونی ئەو حكومەتانە وەربگیرێت، كە بە هەمان ئەزموونی ئێمەدا تێپەڕیون.
شاڵی گوتیشی: بۆ ئەو دۆخەی ئێستا، پەیوەندیی دیپلۆماسی كاریگەریی گەورەی بۆ هەرێمی كوردستان دەبێت، لەسەر ئەو قەیرانانەی كە لەناوخۆی عێراق و دەرەوە بۆی دروست كراون، ئەو بەراوردەیش، كە مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە گەلی فەلەستین و هەرێمی كوردستانی كرد، هەروەها ئەو پشتیوانییەی بۆ هەموو گەلانی دیكە، كە مافەكانیان پێشێل كراوە، پەیامێكی زۆر گەورەیە بۆ كۆنفراسێكی وەها كە هەموو حكوومەتەكان تیایدا ئامادەن و گوێیان لێی گرتووە.
ئەو چاودێرە جەختی لەسەر ئەوەش كردەوە، ئەو كۆبوونەوانە پەیوەندیی سیاسی و دیپلۆماسی زیاتر دەبەنە پێشەوە و بوونی حكوومەتی هەرێمی كوردستان تیایاندا نەك هەر گرنگە، بەڵكوو زۆر پێویستە، گوتیشی: ”ئەوەی ئێستا دەبینرێ، ڕێك پێچەوانەی ئەو رایانەیە كە دەیانگوت ئێستا پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان لاوازن، بەڵام سوپاس بۆ خوا، ئەوەی دەبینرێ پەیوەندیی دیپلۆماسییەكانی هەرێمی كوردستان زۆر باشن و لە ئاستێكی زۆر باڵادان و دەبێ گرنگیی زیاتریشیان پێ بدرێت.