سەنگەر کانەبی: هەڵوێستەكانی سەرۆك بارزانی لە بەرژەوەندی هەموو كوردستانە

سەنگەر کانەبی، به‌رپرسی لقی 23ی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند: ”دیدارەکەی سەرۆک بارزانی لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریکا و قسەكانی لەم کاتەدا زۆر گرنگ بوو، بەتایبەت، کە ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوای دروستبوونی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس زیاتر لە پەرەسەندندایە، پێشبینیش دەکرێ رۆژ لە دوای رۆژ شەڕەکە پەل بۆ وڵاتانی دیکە بهاوێت، چ لە رووی مەیدانییەوە، چ لە رێی مووشەک و درۆنەوە. ئێستا لە عێراق هەوڵ بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان دەدرێ، سەرۆک بارزانی باسی ئەم بابەتەشی کردووە، تیایدا جەختی لەوە کردووەتەوە، کە هەموو لایەنە عێراقییەکان پێکەوە دەبێ لەسەر ئەمە بڕیار بدەن، چونکە لە 2003 هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان بوون رژێمی بەعسیان رووخاند و عێراقیان رزگار کرد، ئەم حوکمڕانییەی ئێستاش لەسایەی ئەو پرۆسەی رزگارییەیە، کە بە هەڵبژاردن و دیموکراسی ئەنجام دەدرێت.“

سه‌نگه‌ر كانه‌بی گوتیشی: ”سەرۆک بارزانی مەرجەع و رابەری کوردە، هەموو شاندە باڵاکان دێنە هەرێمی کوردستان لەسەر پرسە گرنگەکانی پەیوەندیدار بە عێراق و هەرێمی و کوردستان و ناوچەکە گفتوگۆی لەگەڵ دەکەن. بۆ بابەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش، ئەوە چەندین جارە بە بیانووی جیاواز بڕیاری هەڵبژاردن لە لایەن دادگای فیدڕاڵییەوە دوا دەخرێت، سەرۆک بارزانی ئەم لایەنەشی لە قسەكانیدا باس کردووە، جەختی لەوە کردووەتەوە، کە نابێت چیتر هیچ بیانوویەک بۆ بەردەوامی پرۆسەی دیموکراسی لەم هەرێمە بهێنرێتەوە.“
جەختیشی كردەوە كە ئەم هەڵوێستانەی سەرۆك بارزانی، لە بەرژەوەندی هەموو گەلی كوردستانە و پێویستیشە هەموان پشتیوانی لێ بكەن.

ئەو بەرپرسەی پارتی ئەوەشی خستەڕوو، کە لە ماوەی رابردوودا لە چەندین سەرچاوەی جیاواز، بەتایبەت ئەو هێزانەی لە عێراقن و وەک میلیشیا مامەڵە دەکەن، لە زۆر ناوچەوە بوون بە هەڕەشە لەسەر خەڵکی کوردستان و هێزەکانی کوردستان و بەرژەوەندییە گشتییەکانی ئەم هەرێمە، دوای هێرشەکانیشیان بێشەرمانە بەرپرسیارێتیی خۆیان رادەگەیەنن، هەموو ئەمانە بۆ لاوازکردنی قەوارەی هەرێمی كوردستانە کە خەونی پێوە دەبینن، بەڵام بۆیان نەهاتووەتە دی و ناشیەتە دی.

 

سەرنگەر کانەبی ئەوەشی زیادکرد، ”هەرێمی کوردستان لەسەر پێی خۆی وەستاوە و خاوەنی ئیرادەی خۆیەتی، سەرۆکی حکومەتەکەی خۆڕاگرە و هەموو ئاستەنگەکانی ئەم پێنج ساڵەی رابردووی تێپەڕاندووە و بەردەوام دەبێت لە خزمەتکردنی خەڵکەکەی“.

Back to top button