مەسرور بارزانی پیرۆزبایی لە یەکێتی قوتابیان و یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستان دەکات

مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، پەیامێکی پیرۆزبایی بەبۆنەی 71ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی قوتابیان و یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستان بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: “پیرۆزباییەکی گەرم ئاراستەی سکرتێر و مەکتەبی سکرتارییەت و سەرجەم ئەندامانی هەردوو یەکێتی قوتابیان و یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستان دەکەم و هیوای سەرکەوتن و پێشکەوتنی زیاتر و پێشەنگبوونیان بۆ دەخوازم”.

لەپەیامەکە هەروەها هاتووە:” یەکێتی قوتابیانی كوردستان و یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستان، ڕۆڵێکی گرنگ و مێژوویەکی گەشیان لە بەدەستهێنان و پاراستنی مافەکانی قوتابیان و لاوان و پەرەپێدانی هزری نیشتمانپەروەری و بەرەوپێشبردنی توانا و ئاستی زانستی قوتابیان و لاوانی کوردستان و داکۆکیکردن لە دەسکەوتە نیشتمانییەکاندا هەیە. ”

جێگری سەرۆکی پارتی هیوادارە هەردوو یەکێتییەکە، “لە کارکردن و ئامادەکارییەکانیان بۆ بەستنی کۆنگرە سەرکەوتووبن و لە ژێر سەرکردایەتییەکی نوێ و بەهێز، گۆڕانکاریی ڕیشەیی و نوێخوازانە لە ڕێڕەوی خەباتی ڕێکخراوەیی یەکێتی قوتابییان و لاوانی دیموکراتی کوردستاندا بکەن و بەرەو قۆناخێکی پێشەنگتری ببەن، بە شێوەیەک کە لە ئاست پێشکەوتن و گۆڕانکارییە هەنووکەییەکانی کوردستان و جیهاندا بن و بە گیانێکی داهێنەرانەوە، بەردەوام بن لە بەرەوپێشبردنی تواناکانی قوتابیان و لاوانی کوردستان بە سوود وەرگرتن لە پێشکەوتنەکانی سەردەم، بۆ ئەوەی بتوانن بە باشترین شێوە خزمەتی نیشتمانەکەیان بکەن”.

مەسرور بارزانی لە کۆتایی پەیامەکەیدا دەشڵێت: “ساڵیادی هەژدەی شوبات پیرۆز بێت و هەمیشە سەرکەوتوو بن”.

Back to top button