سەرۆك بارزانی : قوتابیان و لاوان هەمیشە ئومێدی گەلی كوردستانن

سەرۆك بارزانی بۆ یادی حەفتاویەك ساڵەی دامەزراندنی هەردوو ڕێكخراوی یەكێتیی قوتابیان و یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاو کردەوە و لە بەشێکی پەیامەکە هاتووە: قوتابیان و لاوانی کوردستان لە دەستپێكی دامه‌زراندنیان لە شۆڕشی ئەیلوول هەتا ئەمڕۆ سەنتەری پێگەیاندنی ڕۆڵەی بە وەفا و خەباتگێڕ و سەركردەی بە توانا بوونە.

هەروەها لە پەیامەکەی سەرۆك بارزانی هاتووە: هەردوو ڕێكخراوی یەكێتی قوتابیان و یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان لە قۆناغی ئێستادا پێویستە لە ئاست چاوەڕوانیی كۆمەڵگە و دۆزی ڕەوای گەلەكەیاندا بن.

دەقی پەیامەکەی سەرۆك بارزانی :

بە ناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بە بۆنەی حەفتاویەكەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی قوتابیانی كوردستان و یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی لاوان و قوتابیانی خۆشەویستی كوردستان دەكەم و هیوای سەركەوتن و بەردەوامیان بۆ دەخوازم.

قوتابیان و لاوانی کوردستان لە دەستپێكی دامه‌زراندنیان لە شۆڕشی ئەیلوول هەتا ئەمڕۆ سەنتەری پێگەیاندنی ڕۆڵەی بە وەفا و خەباتگێڕ و سەركردەی بە توانا بوونە و هەمیشە وزە و تینی تازەیان داوەتە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان و لەو ڕێگەیەدا قوربانیان داوە.

هەردوو ڕێكخراوی یەكێتی قوتابیان و یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان لە قۆناغی ئێستادا پێویستە لە ئاست چاوەڕوانیی كۆمەڵگە و دۆزی ڕەوای گەلەكەیاندا بن. قوتابیان و لاوان هەمیشە ئومێدی گەلی كوردستانن و پێویستە لە خەبات و تێكۆشانیاندا پابەندی بەها بەرزەكانی ڕێبازی كوردایەتی و نیشتیمانپەروەری بن و بە چەكی زانست و هۆشیاری خزمەتی ئامانجە باڵاكانی گەلی كوردستان و پێگەیاندنی گەنج و لاوی هۆشیار و بڕوابەخۆبوو بكەن.

دووبارە پیرۆزباییتان لێ دەكەم و بمێنن بە خێر و خۆشی

مسعود بارزانی

18ی شوباتی 2024

Back to top button