كۆبوونەوەی بەرفراوانی ڕەوەندی كوردستانی بەئامادەبوونی سەرپەرشتیاری گشتی ڕەوەندی كوردستانی ئیدمنتۆنن – كەنەدا لەگەڵ چالاکوانی سیاسی و ژمارەیەک پەرلەمانتاری کەنەدا بەڕێوەچوو

کۆبوونەوەی رەوەندی کوردستانی لە شاری ئەدمنتۆن، لە هەرێمی “ئەلبەرتا”ی کەنەدا لەگەڵ چالاکوانی سیاسی و ژمارەیەک پەرلەمانتاری کەنەدا بە ئامادەبوونی شیفا بارزانی، بەرپرسی رەوەندی کوردستانی لە دەرەوە بەڕێوەچوو، تێدا هەردوو پەرلەمانتار زیاد ئەبوتەیف، تۆم كەمیج و رەحیم رەشیدی (مستەر کورد)، کە نوێنەری كۆنفدراسیۆنی رەوەندی كوردستانییە لە ئەمەریكا و كەنەدا؛ قسەیان کرد و ڕۆلی رەوەندی كوردستانیان بەرزنرخاند.

هەر لە دیدارەکەدا شیفا بارزانی، گوتارێکی پێشکەشکرد، سڵاوی سەرۆك بارزانی گەیاندە ئامادەبووان و تیشکی خستە سەر هەلومەرجی کوردستان و هەروەها پێکەوەکارکردنی کوردستانیان لە دەرەوە. شیفا بارزانی لە ناوەڕۆکی قسەکانیدا باسی لە بارودۆخی ئێستای ناوچەکە کرد و بە پێویستی زانی کوردستانیان لە دەرەوە لە دەرەوەی بازنەی حیزبایەتی تێکۆشانی خۆیان گەشە پێبدەن.

دواتریش لە کۆبوونەوەکەدا کوردستانیانی هەرچوار بەشی وڵات، وێرای پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی، ئامادەبوون و دید و بۆچوونی خۆیان هێنایە زمان و بە گەرمی پێشوازیان لە قسەکانی کرد. ڕێژەی بەشداری ژنان و گەنجان لە دیارترین بابەتەكانی ئەو كۆبوونەوە بوو.

كوردستانیان بە پێداگرییەوە باسیان لەوە كرد كە بۆ یەكەم جارە كۆبوونەوەی دوور لە حیزبایەتی و بە نەفەسی كوردستانی دێتە ڕۆژەڤەوە و داوایان كرد ئەم دیاردە زیاتر پەرەی پێبدرێت.

Back to top button