حکومەت پێدانی کارتی نۆرینگە و سەنتەر و تاقیگە تایبەتەکان لە نەخۆشخانە حکومییەکان قەدەغەکرد

چیتر پزیشكەكان بۆیان نییە لەناو نەخۆشخانە حكومییەكاندا كارتی نۆریگەی تایبەتی خۆیان بدەنە نەخۆش و هانیان بدەن چارەسەرییەكەیان ببەنە كەرتی تایبەت.

بەپێی نووسراوێك كە ئەمڕۆ دووشەممە 19/2/2024، بەڕێوەبەرایەتی پشكنین و بەدواداچوون لە وەزارەتی تەندروستی بڵاویكردووەتەوە، هاتووە لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و پاراستنی مافی نەخۆش و رێگەگرتن لە دیاردەی رێكلام، سەرجەم نەخۆشخانە، سەنتەر، بنكە و مەڵبەندەكانی تەندروستی ئاگەدار كراونەتەوە، چیتر قەدەغەیە كارتی تایبەتی نۆرینگە یان كارتی كەسی یان نەخۆشخانە و سەنتەر و تاقیگە و هەر دامودەزگەیەكی دیكەی كەرتی تایبەت لە نەخۆشخانە حكومییەكان بە نەخۆش بدرێت.

لە ماوەی رابردوودا یەكێك لە گلەییە بەردەوامەکانی هاووڵاتییان لە بەشێكی پزیشكان، ئەوەبوو بوو کە ناچاردەکران لە نۆرینگە و نەخۆشخانە تایبەتەكان چارەسەریان بۆ بكەن تا بە پارە چارەسەر بكرێن. لە سەرەتای كابینەی نۆیەمەوە یەكێك لەو جومگانەی چاكسازی لەسەر كراوە، كەرتی تەندروستییە و بەردەوامیش لەم كەرتەدا بڕیاری نوێ لە بەرژەوەندی هاووڵاتییان دەردەچێت.

لە نووسراوەكەدا کە واژووی د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی لەسەرە  هاتووە: نابێت نەخۆش ناچار بكرێت بۆ سەردانی نەخۆشخانە و نۆرینگە تایبەتەكان، بە پێچەوانەوە هەر پزیشكێك یان كارمەندی تەندروستی یان هەر فەرمانبەرێك بەرپرسیار دەبێت و رێكاری یاسایی و كارگێڕی لە بەرامبەردا وەردەگیرێت.

Back to top button