هۆشیار زێباری: هەوڵ دەدەین لە نزیكترین كات هەڵبژاردن بكرێت
هۆشیار زێباری، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان و وەزیری پێشووی هەردوو وەزارەتی دەرەوە و دارایی عێراق لە دیدارێكی رۆژنامەی “شەرقولئەوسەت”ی سعوودیدا دەڵێت، سەبارەت بە دواڕۆژی هەرێمی كوردستان زۆر نیگەرانین، كە بە رووبارێك خوێن و قوربانیدان و بەرخودان و سیاسەتی كردەنی و دیپلۆماسی بنیات نراوە، ئێستا هەڕەشەی گەورە لەسەر هەرێم، بڕیارە داپڵۆسێنەرەكانی دادگەی فیدراڵیی عێراقییە، لەوكاتەی بنەمای دامەزراندنی هەرێم و ددان پێی وەك قەوارەیەكی دەستووری، دەستووری عێراقە، كە راستەوخۆ دەسەڵاتەكانی هەردوو حكوومەتی فیدرڵی و هەرێمی دیاری كردووە.
روونی كردەوە، ئێستا لە هەموو لایەكەوە هێرش بۆ سەر هەرێم هەیە، لە رووی تەناهییەوە كەسانێك بە درۆن و مووشەك هەڕەشەی لێدەكەن، هەڕەشەی سەر بەرژەوەندییەكانی ئابووریی هەرێم و پاڵاوگە و جموجۆڵی فڕۆكەوانی و بازرگانی و كۆمپانیا بیانییەكان بۆ لاوازكردنی ئابووریی هەرێم، جیا لەوانە بابەتی وەستانی هەناردنی نەوتی هەرێمی كوردستان، كە عێراق بەو هۆیەوە حەوت ملیار دۆلاری زەرەر كردووە، كە دەبوایە بچێتە گەنجینەی دەوڵەت، بەشێكیشی پشكی هەرێم بوو.
زێباری سەبارەت بە دادگەی فیدراڵ و بەغدا و گوشارەكانی سەر هەرێم درێژە بە قسەكانی دەدات و دەڵێت، ئەوان لەسەر هەموو ئاستێك دەست لە كارەكانی هەرێم وەردەدەن، لەوانە بابەتی هەڵبژاردن و مافە دەستوورییەكانی هەرێم و پشكی هەرێم لە بودجەی گشتیی عێراق، هۆكارەكەشی ئەوەیە كە رەنگە هەرێم جۆرێك لە سەربەخۆیی لە وەرگرتنی هەندێك بڕیار و بەشداریكردن لە وەرگرتنی هەندێكی تر هەبێت، بەڵام سەربەخۆیی هەیە، واتە ئەگەر شتێكی بەدڵ نەبێت، دەتوانێت بڵێت “نا”، بۆ ئەوەش ئازایەتیمان هەیە، رەنگە ئەو رەوتەی كاركردنەش لای ئەوانیتر قبووڵنەكراو بێت، كە وا راهاتوون لەكاتی فەرمان پێكردنیان بەهەر شتێك بڵێن “بەڵی گەورەم”.
هۆشیار زێباری زیاتر دەڵێت، شتێكی ئاساییە هەرێم كێشەی هەبێت، بەڵام هەركاتێك هێزەكانی هەرێم یەكگرتوو بووبن و خاوەنی یەك گوتار و هەڵوێست بووبن، هەرێم بەهێز بووە، ئێستەش لە پرسە ستراتیجییەكان یەك بیركردنەوە و كاركردنمان هەیە، بەڵام هەندێك كێشەی ناوخۆیی هەیە كە چارەسەر نەكراون، مەبەستی سەرەكیی هەرێم كە هەوڵی بۆ دەدەین، دووبارە شەرعیەتدانە بە دامەزراوەكانی هەرێم لە رێگەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، كە نازانین تا كەی بەڕێوەچوونی وەك دیلی بڕیارەكانی دادگەی فیدراڵی دەمێنێتەوە، بۆ پەكخستنی ئەو شەرعیەتدانە، بۆیە هەوڵ دەدەین ئەو هەڵبژاردنە لە نزیكترین كات ئەنجام بدەین.