ئه‌مریكا پشتیوانی له‌ پڕۆژه‌ی هاوشێوه‌ی هه‌ژماری من ده‌كات

کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر، لە پێگەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، داوا لە خەڵک دەکات هەژماری بانکییان هەبێت تاوەکو پارەکانیان لە تاوانە داراییەکان و دزی و ونبوون بپارێزرێن.

کونسوڵخانەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد، خزمەتگوزارییە بانکییە نوێییەکان توانای وەبەرھێنان و متمانە بە خەڵکی عێراق زیاتر دەکەن، هەروەها پارە لە تاوانە داراییەکان و دزی و وونبوون دەپارێزن و، خزمەتگوزارییەکانی گواستنەوەی پارە بەشێوەییەکی نافەرمی زیان بە ئابوورییە خۆجێییەکان دەگەیەنێت.

باسی لەوەشکردووە کە، بەپێی چەند داتاییەکی بانکی نێودەوڵەتی، لە ساڵی 2021 تەنھا 18.75%ـی عێراقییەکانی سەرووی تەمەن 15 ساڵ ھەژماری بانکییان ھەبووە، ئەمەش نزمترین رێژەی ھەبوونی ھەژماری بانکییە لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا کە ریژەی ھەبوونی ھەژماری بانکی لەم ناوچانە 53% یە.

کونسوڵخانەکە روونیشی کردەوە، بەکارھێنانی پارەی کاش و گواستنەوەی پارە بەشێوەییەکی نافەرمی لە عێراق زیان بە ئابووری دەگەیێنێت، چونکە دەبێتەھۆی کەمکردنەوەی رێکخستنی دارایی پێویست بۆ باوەڕپێھێنانی کۆمپانیا نێودەوڵەتییە بەناوبانگەکان بۆ ئەنجامدانی بزنس لە عێراق.

دەشڵێت: لەماوەی دووساڵی رابردوودا، حکومەتی ئەمریکا لەگەڵ عێراق کاریکردووە بۆ دروستکردنەوەی متمانە بە کەرتی بانکی و چاکسازیکردن لە رێگاکانی گواستنەوەی پارەی پەیوەندیدار بە ھاوردە کە لە رێگای بانکە عێراقییەکانەوە پاڵپشتی دارایی بۆ دابینکراوە.

لەکۆتاییدا رایگەیاند، چاکسازییە نوێییەکان ھانی تۆمارکردنی بزنسە گونجاوەکان دەدەن و هەروەها بەکارھێنانی بانکە فەرمییەکان زیاتر دەکەن، هەروەها بەپێ چەند داتاییەکی بانکی ناوەندی عێراقی، لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا، کۆی گشتی پارە دانراوەکانی ناو بانکە بازرگانییەکانی عێراق بە رێژەی 37% بەرزبۆتەوە، لە ساڵی 2021 بۆ 2022، کۆی گشتی کردنەوەی ھەژماری بانکی لە بانکە عێراقییەکان بە رێژەی 31% بەرزبۆتەوە.

پێشووتر لە هەرێمی کوردستان بە دەستپێشخەریی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەرەوپێشبردنی کەرتی بانکی و بەدیجیتاڵکردنی پارەدان پڕۆژەی “هەژماری من” بۆ زیاتر لە یەک ملیۆن فەرمانبەر، کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان و خانەنشینی حکومەتی هەرێمی هەرێمی کوردستان چووە بوار جێبەجێکردنەوە، کە ئەمەش پشتبەستن بە مامەڵەی کاش کەمدەکاتەوە، کارایی حکومەت و شەفافیەتیش زیاتر دەکات.

Back to top button