ئاوات جەناب نوری؛ پرۆژەی ( هەژماری من ) هەنگاوی گرنگی بڕیوە و لە بەرژەوەندی فەرمانبەرانە
ڕۆژی سێ شەممە ( ٢٠٢٤/٢/٢٠ ) بەڕێز ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابووری پێشوازی کرد لە تیمی سەرپەرشتی پرۆژەی ( هەژماری من ) لە نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان.
لە دیدارێکدا تیشک خرایە دواین بەرەوپێشچونەکانی پرۆژەکە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، ئاماژە بەوەکرا تا ئێستا نزیکەی ( ٢١٠ ) هەزار فەرمانبەر لە پارێزگای هەولێر هەژماریان بۆ کراوەتەوە و نزیکەی ( ٨٠ ) هەزار فەرمانبەریش کارتی بانکیان وەرگرتۆتەوە، هەر وەک باس لە قۆناغێکی تری پرۆژەکە کرا کە دانانی کابینەی ڕاکێشانی پارەیە لە شوێنە گشتییەکان، توانراوە زیاتر لە ٣٠ ئامێری پارە ڕاکێشان لەناو شاری هەولێر دابنرێت و بەردەوام لە زیادبوندایە.
لای خۆشییەوە وەزیری دارایی و ئابووری پشتیوانی وەزارەتی بۆ سەرخستنی پرۆژەکە دوپاتکردەوە و ڕایگەیاند ئەو چەواشەکاریانەی لەلایەن هەندێک لایەن و میدیای نابەرپرسەوە دژی پرۆژەکە دەکرێت ناتوانێت لە گرنگی و بایەخی پرۆژەکە بۆ دامەزراندنی سیستەمێکی بانکی دیجیتاڵی و پێشکەوتوو کەم بکاتەوە کە بەتەواوی لە بەرژەوەندی فەرمانبەران و مووچەخۆران و هاوڵاتیاندایە.
لەتەوەرێکی تری کۆبونەوەکەدا تیشک خرایە سەر دواین ئامادەکارییەکانی پرۆژەکە لە پارێزگای سلێمانی و دهۆک کە لەئێستادا تیمەکان سەرقاڵی وەرگرتنی داتاو فۆڕمی فەرمانبەرانن و بەم نزیکانە دەست بەکردنەوەی هەژماری بانکی بۆ فەرمانبەران دەکرێت و دواتریش خانەنشینان و کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان دێنە ناو پرۆژەکەوە.
جەختیش لەوە کرایەوە دەرگای پرۆژەکە کراوەیە بۆ هەر بانکێک بیەوێت بێتە ناو پرۆژەی هەژماری من بە مەرجێک ڕەزامەندی بانکی ناوەندی عێراقی هەبێت و مەرجەکانی پرۆژەکەی تێدا بێت، بۆ ئەو مەبەستەیش گفتوگۆ لەگەڵ چەند بانکێکی تر لە ئارادایە و لە قۆناغی داهاتودا ژمارەی بانکە بەشداربووەکان لە پرۆژەکە زیاتر دەبێت.
#Xwakurk #خواکوڕك