چوار گەنجی دیکەی کورد، بە تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی ئێران بریندار کران

رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوی كردەوە، سێ کۆڵبەری گەنجی کورد کە ناوی دوو لە کۆڵبەرەکان فوئاد کارگەر، خەڵکی گوندی بانەوەڕەی پاوە و دانیشتووی شاری جوانڕۆ و سوهەیب (ناسناوی نادیار) لەگەڵ کۆڵبەرێکی دیکە بە تەقەی ڕاستەوخۆ و لێدانی بەرد لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە لە سنووری نەوسوودی پاوە بە سەختی بریندار کران.

ئەوەشی خستۆتە روو، فوئاد کارگەر بەهۆی سەختی برینەکەیەوە بۆ نەخۆشخانەی شاری پاوە گواستراوەتەوە و دواتریش بۆ نەخۆشخانەی تاڵقانی شاری کرماشان گواستراوەتەوە و ئێستا لەژێر چاودێریی چڕی پزیشكدایە و دۆخی تەندروستیی ناجێگیرە.

هاوکات ئەوەشی ئاشکرا کردووە، کازم عوسمانی تەمەن 28 ساڵە و خەڵکی شاری سەقز لە کاتی کۆڵبەریدا لە سنووری بەستامی شاری سەقز بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بریندار بووە و بۆ نەخۆشخانەی شەفا لەو شارە گواستراوەتەوە و لە ژێر چاودێری پزیشکیدایە.

Back to top button