لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکومەت پڕۆژە بۆ ئەو ناوچانە ئەنجام دەدرێت
مەسعود محەمەد جێگری پارێزگاری ھەولێر رایگەیاند، بەپێی رێنمایەکانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئەو بودجەیەی بۆ ئێمە تەرخانکراوە بۆ ئەمساڵ زیاتر بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی خزمەتگوزاری بەتایبەت بۆ پڕۆژەکانی رێگاوبان و قیڕتاوکردن دەبێت.
جێگری پارێزگاری ھەولێر گوتیشی: زیاتر گرنگی بەو شوێنانە دەدرێت و پڕۆژەیان بۆ ئەنجام دەدرێت کە کەمتر پڕۆژەی خزمەتگوزارییان پێگەیشتووە، بەتایبەت لە دەرەوەی ھەولێر .. لە قەزا و ناحیەکان، ئێمەیش بۆ ئەو بودجە تەرخانکراوە لەگەڵ قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیە و بەڕێوەبەرە گشتییەکان ڕێککەوتووین ئەو پڕۆژانەی پێ ئەنجام بدەین سوود بە خەڵک بگەینێت و کەمتر وەک خزمەتگوزاری گەیشتووەتە هاووڵاتییان، بۆیە ئەوەی بۆ ئێمە گەڕاوەتەوە تا ئێستا زیاتر گرنگی بە پڕۆژەکانی ڕێگاوبان و قیڕتاوکردنی شەقامەکان و دروستکردنی قوتابخانە و ئاو و ئاوەڕۆ و کارەبا دراوە.
مەسعود محەمەد گوتیشی: ھەر قەزایەک لە سنووری پارێزگای ھەولێر پڕۆژەکانی و داواکارییەکانیشیان لەگەڵ قەزایەکی دیکە جیاوازە، بۆ نموونە رەنگە قەزایەک پێویستی بە نەخۆشخانە ھەبێت یەکێکی دیکە پێویستی بە پڕۆژەی کارەبا ھەبێت، بۆیە دەسەڵات بە قایمقامەکان دراوە پڕۆژەکان دیار بکەن، بۆ ئەو بابەتەش سەرپشک کراون کامە سێکتەر گرنگە
لەوانە پڕۆژە ئەنجام بدەن.
محەمەد باسی لەوەش کرد: ھەر کاتێک پڕۆژەکان یەکلایی کرانەوە بەپێی بودجەی دیاری کراو رەوانەی ئەنجومەنی وەزیران دەکرێت بۆ کاری پێویست و دواتریش جێبەجێ دەکرێن.