سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لهگەڵ وهزیری دهرهوهی ئهمریكا کۆبووەوە
ئەمڕۆ دووشەممە 2/26، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە واشنتن ، لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەیەکی دۆستانەدا، گفتوگۆ لەبارەی چەندین تەوەری جێی بایەخی هاوبەش و پەیوەندیدار بە پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ کرا.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەدا، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ، ئاماژەی بە پێگەی گرنگیی هەرێمی کوردستان کرد وەک هاوبەشێکی جێی بایەخی ئەمەریکا، جەختیشی لەوە کردەوە کە هاوبەشیمان لەسەر بنەمای بەهای هاوبەش، بەرژەوەندیی هاوبەش و پێکەوە قوربانیدانی هاوبەش بنیاتنراوە.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، خۆشحاڵی خۆی بەرامبەر سەردانی سەرۆکی حکومەت و دیدارەکانی لە واشنتن نیشاندا و پشتیوانیی ئەمەریکاشی بۆ پاراستنی ئاسایش و ئارامیی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی فیدرالی لە چوارچێوەی عێراقدا نیشاندا.
سەرۆکی حکومەت سوپاسیی پشتیوانیی بەردەوامیی ئەمەریکای لە هەرێمی کوردستان کرد و دووپاتی کردەوە کە وەک هاوبەشێکی ئەمەریکا، پێكەوە چەندین قۆناغی سەختمان تێپەڕاندوون و بە هیواین بە یەکەوە ڕووبەڕووی ئاستەنگ و ئاڵنگارییە نوێیەکان ببینەوە.
پاراستنی ئاسایشیی هەرێمی کوردستان ، چارەسەرکردنی کێشەکانی بودجە و داببینکردنی شایستە دارایی و مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کورستان و ڕێزگرتن لە سیستەمی فیدراڵی و قەوارەی دەستووری هەرێم و پاراستنی مافی پيکهاتەکانی کوردستان و دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال و دەرچوونی میلیشیاکان لە دەڤەرەکە، تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە بوون.
هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە بڕیاڕەکانی دادگای فیدراڵی و هەنگاوەکانی دژی هەرێم و سیستەمی فیدراڵی لە عێراق، مایەی نیگەرانین و پێویستە ڕێز لە قەوارەی دەستووری هەرێم و سیستەمی فیدراڵی و بنەما دیموکراتییەکان لە عێراق بگیرێت.
هەردوولا جەختیان لەوە کردەوە کە پێویستە هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە ، بەشە بودجەی خۆی پێ بگات.