مەسرور بارزانی: داوای پشتیوانی بەردەوامی ئەمریکامان لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان کردووە
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس پەیامێکی بڵاو کردەوە و رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا داوای پشتیوانی بەردەوامی ئەمریکا لە سیستەمی فیدراڵیزم و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستانی کردووە.
مەسرور بارزانی لە پۆستەکەی ئاماژەی بەوەش کردووە، لەگەڵ هاوبەشەکانیان لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا باسیان لە پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا کردووە، هەروەها داوای پشتیوانی بەردەوامی ئەمریکایان لە سیستەمی فیدراڵی و مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان کردووە.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان باس لەوەش دەکات، لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا باسیان لە رێگەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان کردووە.
هەروەها سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە پرسی شەنگالیش؛ ئەوەی خستووەتەڕوو، هەڵوێستییان روونە دوای 10 ساڵ لە جینۆساید پێویستە رێککەوتنی شەنگال جێ بەجێ بکرێت، بۆ ئەوەی ئێزیدییەکان بگەڕێنەوە بۆ زێدی باوباپیرانیان.
لە کۆتایی پەیامەکە باسی لەوەشکردووە، بەردەوام دەبن لە بەرگریکردن لە مافی هەموو پێکهاتەکان و وەک پەناگە بۆ ئاوارەکان دەمێننەوە.