میدیا ئەمریکییەکان بە بایەخی زۆرەوە باس لە سەردانەكەی مەسرور بارزانی بۆ واشنتۆن دەكەن
لە مانشێتی ژمارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، 28ی شوباتی 2024، لە راپۆرتی یەكەمی رۆژنامەی (ئەلمەدا)ی عێراقی، بە ژمارە (5421)، باس لە سەردانەكەی مەسرور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان بۆ ئەمریكا كراوە و ئاماژە بەوە دراوە، ئەو سەردانەی سەرۆكوەزیران لەلایەن میدیا ئەمریكییەكانەوە زۆر گرنگی پێدراوە.
هاوكات هەر لەو راپۆرتەدا باس لە پێشنیازێكی ئەمریكی بۆ ئەگەری كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراقەوە بۆ هەرێمی كوردستان كراوە.
لە راپۆرتەكەدا هاتووە: ”میدیا ئەمریکییەکان گرنگییان بە سەردانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ واشنتۆن و دیدارەکەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە داوە.“
راپۆرتەكە ئەوەشی ئاشکرا کردووە، هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر مانەوەی “درێژخایەن”ی ئەمریکا لە عێراق رێكکەوتوون.
ئەو رێككەوتنەی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەكاتێكدایە، كە راپۆرتە ئەمریكی و رۆژئاواییەکان ئاماژە بە ئەگەری گواستنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە بەغداوە بۆ هەرێمی کوردستان دەکەن، ئەوەش رۆژێک دوای دیدارەکەی مەسرور بارزانی، لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکنی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا.
دوای دیدار لەگەڵ مەسرور بارزانی، بلینکن پشتیوانی بەردەوامی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان دەربڕی، بەو پێیەی بەردی بناغەی پەیوەندی هەمەلایەنەی ئەمریکایە لەگەڵ عێراقدا.
لە لایەکی ترەوە راپۆرتێکی (پەیمانگای واشنتۆن بۆ لێکۆڵینەوە) کە لەلایەن دەیڤید شنکەر، یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نووسراوە، باسی لە دەرەنجامەکانی ئەو گرژییانەی لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بۆ سەر هێزە گرێدراوەكانی ئێران لە عێراق و داواکاریی حکومەتی عێراقی بۆ رۆیشتنی هێزە بیانییەکان لەسەر خاكی عێراق کردووە.
لە راپۆرتی ئەو پەیمانگا ئەمریكییەدا جەخت لەوە کراوەتەوەی ئەگەر هێزەکانی ئەمریكا بۆ هەرێمی کوردستانیش بكشێنەوە، پەیوەندی ئەمنی واشنتۆن لەگەڵ بەغدا هەر بەردەوام دەبێت.