پارێزگای هەولێر: لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لە هۆکاری سووتانی بازاڕی لەنگە پێکهێنراوە

پارێزگای هەولێر رایگەیاند کە لەسەر فەرمان و راسپاردەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لە هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکەی بازاڕی لەنگە پێکهێنراوە.

پارێزگای هەولێر لە راگەیاندراوێکدا بڵاوی کردەوە: “دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو 27/2/2024، ئاگرێکی گەورە لە بازاڕی لەنگەی شاری هەولێر کەوتەوە، دەمودەست تیمەکانی بەرگریی شارستانی گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و لە ماوەیەکی کەمدا بە هەوڵی ئەفسەر و کارمەندانی توانرا ئاگرەکە کۆنتڕۆڵبکرێت، کە بەهۆیەوە لەکۆی 2400 دوکان 166 دوکانی بازاڕەکە سووتا و زیانیان پێگەیشت، ئەوە جگە لەوەی 90 کەس لە کارمەندانی بەرگریی شارستانیی و کاسبکارانی بازاڕەکە و هاووڵاتییان بەهۆی دووکەڵی ئاگرەکەوە تەندروستیان تێکچوو، بەشێکیان لەلایەن تیمەکانی تەندروستی لە شوێنی ڕووداوەکە چارەسەرکران و 24 کەسیشیان گواسترانەوە نەخۆشخانە و چارەسەری پێویستیان بۆ کرا و ڕەوانەی ماڵەوە کرانەوە.”

ئاماژە بەوەش دراوە: “ئاگرەکەی بازاڕی لەنگە، ئاگرێکی ئێجگار گەورەبوو بە بەرزی زیاتر لە سێ مەتر و کۆنتڕۆڵکردنی ئاسان نەبوو، هەموو هەوڵێکی تیمەکانی بەرگری شارستانی و تیمەکانی تریش بۆ ئەوە بوو ئاگرەکە کەمترین زیانی هەبێت و کەلوپەلی کاسبکاران لە سووتان رزگار بکرێت، سوپاس بۆ خودا لە ڕوودانی ئەو کارەساتە لە شارەکەمان جگە لە زیانی ماددی هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتەوە.”

ئەوەش خراوەتە روو: “وێڕای دەستخۆشی لە تیمەکانی (بەرگریی شارستانیی، پۆلیس، ئاسایش، زێرەڤانی، هاتوچۆ، تەندروستی، شارەوانی 4 و سەرۆکایەتیی شارەوانی) لە بەرامبەر هەوڵەکانیان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە و بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووان، کاسبکاران و هاووڵاتییانی شارەکەمان دڵنیا دەکەینەوە لە سەر فەرمان و ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پارێزگاری هەولێر لیژنەیەکی تایبەتی لە سەرجەم لایەنەکان پێکهێناوە بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لە هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە، هەر ئەمڕۆش دوای خەمڵاندنی زەر و زیانی بازاڕەکە لەلایەن لیژنەکانەوە تەواوی بازاڕەکە لەلایەن تیمەکانی شارەوانی پاککرایەوە.”

Back to top button