بڵند ئیسماعیل: سەردانەكەی مەسرور بارزانی بۆ ئەمریكا، بەهێزیی دیپلۆماسیەتی حكومەت نیشان دەدا
چەند ڕۆژێكە، مەسرور بارزانی لە ئەمریكایە و تاوەكوو ئێستا دیداری لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا و ژمارەیەك بەرپرسی باڵا و دامەزراوەی گرنگی ئەو وڵاتە ئەنجام داوە.
بڵند ئیسماعیل، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی رایگەیاند: سەردانەکەی مەسرور بارزانی و شاندی یاوەری، لەبەر چەند هۆکارێک زۆر گرنگە، یەکەم ئەمریکا خۆی میوانداریی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی كوردستانی کردووە، کە لە ئاستی باڵا دیداریان ئەنجام دا. دووەم لەم هەلومەرجە زۆر خراپەی ناوچەکە، کە ململانێی زۆر هەیە، کاتی سەردانەکە گرنگ بوو. سێیەم، قسەکانی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ کاک مەسرور بارزانی، کە چەند جارێک دووبارەی دەستەواژەكانی (هاوبەشین، هاوپەیمانین، شانازی دەکەین بە کوردستانێکی خۆڕاگر و ..هتد) بەكار هێنا، ئەمە دەرخەری ئەوەیە، کە وەک وڵاتێک لە ناوچەکەدا تەماشای هەرێمی کوردستان دەکەن و بایەخی پێ دەدەن.
ڕوونیشی كردەوە كە سەردانەكە لەم كاتەدا كە لە ئاستی عێراقەوە فشار لەسەر هەرێمی كوردستان هەیە، نیشانەی بەهێزیی دیپلۆماسیەتی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانە.
بڵند ئیسماعیل گوتیشی: لە بەشێکی دانیشتنەکان باسی ئەوە کراوە، کە هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی، دژی دیموکراسی و ئازادیین و نادەستوورین، بۆیە لەسەر ئەوە کۆک بوون، کە ناکرێت چی دیکە بڕیاری لەم جۆرە دژی هەرێمی کوردستان بەردەوام بن.