سەرۆك بارزانی پێشوازی لە سەرۆكی ئەرمینیا دەكات
رۆژی پێنجشەممە 29ی شوباتی 2024، لە سەڵاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز ڤاهگن خاچاتوریان سەرۆكی ئەرمینیا كرد.
لەدیدارەكەدا سەرۆكی ئەرمینیا ستایشی پێشكەوتن و ئارامی هەرێمی كوردستانی كرد و رۆڵی سەرۆك بارزانی لە رەخساندنی ژینگەیەكی ئارام و پێكەوەژیانی نێوان پێكهاتەكان لە هەرێمی كوردستان و هەروەها رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و توندڕۆیی بەرز نرخاند.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی سەرۆكی ئەرمینیای كرد و ئاماژەی بە پەیوەندییە مێژووییەكانی نێوان گەلی كوردستان و گەلی ئەرمینیا دا و سوپاسی سەرۆك و وڵاتی ئەرمینیاشی كرد بۆ رێزگرتن لە مافەكانی كوردانی نیشتەجێی وڵاتی ئەرمینیا. هەردوولاش لەسەر ئەوە هاوڕا بوون كە ئاشتی تاكە رێگەی چارەسەركردنی گرفتەكانی گەلانی ناوچەكە و نەوەكانی داهاتووە.
لەبەشێكی تری ئەو دیدارەدا جەخت لە قووڵكردنی پەیوەندییە بازرگانیەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی ئەرمینیا كرایەوە.
پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراقی فیدڕاڵ تەوەرێكی تری ئەو دیدارە بوو و سەرۆك بارزانی ئەوەی دووپات كردەوە كە پابەندبوون بە دەستوور تاكە رێگەی چارەسەری كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی فیدڕاڵە.