ئەوەی خاک بپارێزێت ، خاوەنیەتی

مەسعود مەلا پەروێز
لەوکاتەی داعش لەوپەڕی بە هێزیدا بوو ، سوپای عێڕاق هەرچی چەکی قورس و سوکی هەبوو ، بۆ ئەو رێکخراوە تیرۆرستەی بەجێ هێشت و داعشیش هەر ڕۆژێک شارێکی داگیر دەکرد و یاسای خەلافەتی لەسەریان جێبەجێ دەکرد ، لەو کاتەدا کەرکوک لەژێر هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە بوو لەلایەن داعشەوە بەڵام پێشمەرگە توانی بەو چەکە سادەوە بە ئیرادەیەکی پۆڵاینەوە بەرگری لەکەرکوک بکات و بیانپارێزێ هەر لەو کاتەدا سەرۆک بارزانی وەک پێشمەرگەیەک لەکەرکوک مەرگی مادەی 140ی ڕاگەیاند و بەکردەیی کەرکوکی بۆ باوەشی کوردستان گەڕاندەوە پێشمەرگەیش بە قارەمانێتی و گیان فیدایی و خوێنی خۆیان هەرجێگەیەکیان ئازاد دەکرد ئاڵای کوردستانیان تێدا بەرزدەکردەوە و پارێزگارییان لە هەموو نەتەوە و پێکهاتەکانی کەرکوک دەکرد بە بێ جیاوازی وەک سوپایەکی نیشتیمانی کوردستان ، بۆیە مایەی شانازیە بۆ هەموو پێکهاتەکان ، ئەوەش بووە مایەی پێزانینی ، هەموو لایەک و لە جیهان وەک سوپایەکی لێبوردە کە لە جیاتی هەموو جیهان دەجنگا لە دژی تیرۆر و دەوڵەتی داعشی تیرۆرستی ئێستا کە ئاڵای کوردستان بە فەرمی لە باڵەخانە فەرمیەکانی کەرکوک بەرز دەکرێتەوە ، هەندێ لایەنی تورکمان و عارەبی شۆفینی نیگەرانن ، کە ئەمانیش کەمینەیەکی ئەو دوو نەتەوەن ، چونکە زۆرینەی تورکمان و عارەب باش دەزانن ئەگەر پێشمەرگە و قارەمانێتی پێشمەرگە نەبوایە کەرکوک وەک تەلەعفەر و موسڵ و تکریت و شارەکانی تر دەکەوتە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی ئیسلامی عێڕاق و شام ، ئێستا کە ئاڵای کوردستان بەفەرمی بەرز دەکرێتەوە دەبێ هەموو پێکهاتەکانی کەرکوک سوپاسی پێشمەرگە بکەن ” هەرچەند پێشتریش ئاڵای کوردستان بەرزکراوەتەوە خەڵکی کەرکوک هەمیشە ئاڵای کوردستانیان بەرز ڕاگرتووە ، ئێستا کە بە فەرمی دەکرێت ، ئەوە ئازایەتیەکەی بۆ هیچ لایەنێک و کەسێک ناگەڕێتەوە ، بەڵکو تەنها و تەنها بۆ قارەمانێتی و لێبوردەیی پێشمەرگە دەگەڕێتەوە ، سڵاو لە ئێوەی پارێزەرانی نیشیمان سڵاو لە ئێوەی پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان

Back to top button