سەرۆکی حکومەت له گەڵ ڕاوێژکاری ئاسایشیی نیشتمانیی ئەمریکا کۆبووەوە
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆشکی سپی، لەگەڵ جەیک سولیڤان ، ڕاوێژکاری ئاسایشیی نیشتمانیی ئەمریکا کۆبووەوە.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا ، ڕاوێژکاری ئاسایشیی نیشتمانیی ئەمریکا، ئاماژەی بەوە دا کە سەرۆک جۆ بایدن سڵاو و ڕێزی بۆ سەرۆک بارزانی و سەرۆکی حکومەت هەیە و پشتیوانیی کۆشکی سپیشی بۆ کوردستانێکی بەهێز و مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان دووپات کردەوە.
ڕاوێژکاری ئاسایشیی نیشتمانیی ئەمریکا، ستایشیی ئازایەتیی و خەبات و قوربانیدانەکانی پێشمەرگەی کرد بەتایبەتی لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش ، جەختیشی لە گرنگیی پاراستنی ئاسایشیی هەرێمی کوردستان و دابینکردنی بەشە بودجە و شایستە داراییەکانی هەرێم کردەوە.
سەرۆکی حکومەت سوپاسیی پشتگیریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای کرد و دووپاتی کردەوە کە پێویستە ڕێز لە قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان بگیرێت و مافی پێکهاتەکانی کوردستان پارێزراو بێت و پێشێل نەکرێت.
سەرۆکی حکومەت هەروەها ئاماژەی بە گرنگیی جێبەجێکردنی دەستوور و پێکهێنانی ئەنجومەنی فیدراڵیی لە عێراق کرد.