لە ئێران مامۆستایەکی ئاینی کورد سزای 7 ساڵ بەندکردنی به‌سه‌ردا سه‌پێندرا

دوای سزادانی لەلایەن دادگای شاری سەڵمازی رۆژهەڵاتی کوردستان، پێنجشەممەی رابردوو 29/2/2024، مەلا حەسەن جەنگخاهـ، دانیشتووی گوندی “حەوت خان” لەلایەن لقی جێبەجێکردنی سزاکانی دادگاکە دەستگیر کرا و رەوانەی بەندیخانەی ناوەندی ورمێ کرا بۆ جێبەجێکردنی سزاکەی کە بۆ ماوەی 7 ساڵە.

رێکخراوی مافی مرڤی هەنگاو ئاشکرایکردووە، مەلا حەسەن جەنگخاهـ، لەم دوایییانەدا لەلایەن دادگای تایبەت بە مامۆستایان لقی ورمێ، سزای 7 ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.

ئەو مامۆستا ئاینییە پێشتر هه‌فته‌یه‌ك ده‌ستگیر كرابوو بە هۆی ئەوەی ناڕەزایەتی دەربڕیبوو دژی کوشتنی کۆڵبەران و کاسبکارانی کورد و هەروەها بە تۆمەتی بوونی پەیوەندی لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، لە لایەن ئیتڵاعاتی ئێرانەوە لێپرسینەوەی لەگەڵ کراوە.

دواتر مەلا حەسەن، دوای یەک هەفتە راگرتنی لەبەندیخانە، بە دانانی بارمتەی 300 ملیۆن تمەن و بەشێوەی کاتی تا کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانە ئازاد کرابوو.

Back to top button