سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر دەنگۆی پێدانی پارچەیەکی سەوزایی بە هاووڵاتییەک رەتدەکاتەوە

ئەمڕۆ شەممە، 02-03-2024، سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر روونکردنەوەیەکی لەبارەی بڵاوبوونەوەی دەنگۆی پێدانی پارچەیەکی سەوزایی لەلایەن شارەوانییەتەکەیانەوە بە هاووڵاتییەک بڵاوکردەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: وەک سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر ڕایدەگەیەنین، سەر لەبەری ئەم هەواڵ و زانیارییانە دوورن لە ڕاستییەوە هیچ بنەمایەکی نییە”. ئاماژە بەوەش کراوە، ئەو زەوییەی باسی لێ دەکرێت، زەوییەکی نیشتەجێی هاووڵاتییان بووە و لەناو بلۆکێکی نیشتەجێ. هەروەها وێنەی تۆماریان بەناوی هاووڵاتییان خۆیان بووە. بڕیاری دادگایان هه بووه و لەلایەن هاووڵاتییانی دەوروبەری زێدەڕۆیی کراوەتە سەر.

لەبارەی ئەو کەسەی هەواڵەکەی بڵاوکردووەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە، ئەو زانیارییە چەواشەکاریە ڕەتدەکەینەوە و پێویست بوو ئەو بەڕێزە وردتر هەڵوەستەی لەسەر ئەم بابەتە کردبا و بە بەڵگە و دۆکیۆمێنت قسەکانی پشتڕاست کردبایەوە؛ نەوەک تاک لایەنە هەواڵ و زانیاریی نادروست و هەڵە بڵاوبكاتەوه.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، بە هاووڵاتییانی خۆشەویستی خۆمان ڕادەگەیەنین؛ سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر بەردەوام دەبێت لە خزمەتکردن و پرۆسەى ئاوەدانی شەکرە شار و دانیشتووانەکەی.

Back to top button