هونەرمەندێکی زیندانیکراوی کورد بۆ دەسەڵاتدارانی ئێران: بەناراستەوخۆ لە سێدارەتان داوم، ئیدی لەسێدارەم بدەن و رزگارم بکەن

هونەرمەندێکی کورد لە رۆژهەڵات کە ماوەی 18 مانگە لە زیندانەکانی ئێراندا ئازار و ئەشکەنجەیەکی زۆر دراوە لە نامەیەکدا بۆ بەرپرسانی ئێران دەڵێت “بەناراستەوخۆ لە سێدارەتان داوم، ئیدی لەسێدارەم بدەن و رزگارم بکەن”
سامان یاسین، گۆرانیبێژی کوردی خەڵکی کرماشانە و ماوەی ساڵ و نیوێکە لە زینداندایە، لە نامەیەکدا سەبارەت بە دۆخی نالەباری خۆی لە زینداندا بۆ بەرپرسی دەسەڵاتی دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێران نووسیویەتی “هیچ شتێک نەماوە بەسەرمدا نەهێنن، لە سێدارەدانم بە شێوەی دەستکرد، تا گواستنەوەم بۆ نەخۆشخانەی دەروونی، ژیانم بە تەواوی لێوەرگرن ئیدی رزگارم بکەن و لە سێدارەم بدەن.
ئەو گۆرانیبێژە کوردە لە نامەکەیدا نووسیویەتی، “ماوەی 18 مانگە بەبێ هیچ بەڵگەیەک زیندانی کراوم و لەو 18 مانگەشدا چەندین جار وادەی دادگایکردنم بۆ دیاری کراوە، بەڵام تا ئێستا هیچ لەو دادگایانە بەڕێوەنەچووە”.
ماوەیەک لەمەوبەر هاوزیندانییەکی سامان یاسین لە زیندانی قزڵحەساری کەرەج لە نامەیەکدا ئەو ئەشکەنجانەی رووبەڕووی ئەو هونەرمەندە بووەتەوە، خستبووەڕوو.
سامان یاسین خۆی لە تۆمارێکی دەنگیدا مانگی ئابی ساڵی رابردوو بەشێک لەو ئەشکەنجە جەستەیی و دەروونیانەی رووبەڕووی بووەتەوە، باسکردبوو، لەوانە لەسێدارەدانی دەستکرد، شکاندنی لوت، هێشتنەوەی لە مردووخانە و گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی دەروونی.

Back to top button