لەسەر راسپاردەی سەرۆک بارزانی پڕۆژەیەک لە قەزای بەردەڕەش جێبەجێ دەکرێت

لەماوەی رابردوودا سەرۆک بارزانی سەردانی قەزای بەردەڕەشی کرد و گوێی لە داواکاری دانشتووانی دەڤەرەکە گرت، لەسەر راسپاردەی جەنابیان بڕیاردرا ھۆڵێکی رۆشنبیری دروست بکرێت، لە ئێستادا پڕۆژەکە کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

لە لێدوانێکدا ئەمیر عەلی، بەڕێوەبەری ھونەری و رۆشنبیری دھۆک، بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند: پڕۆژەی ھۆڵی رۆشنبیری  لەسەر راسپاردەی سەرۆک بارزانی ئەنجام دەدرێت و کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئەو پڕۆژە زۆر گرنگە بۆ پێشخستنی بواری رۆشنبیری و کارێکی پیرۆزە، لەبەر ئەوەی دەتواندرێت لەو رێگەیەوە چالاکی زۆر باش ئەنجام بدرێت، ئەو ھۆڵە خزمەتێکی باش لە بواری رۆشنبیری، ھونەری و کۆمەڵایەتی دەڤەرەکە دەکات پێشکەشی ناوچەکە دەکات.

ئەمیر عەلی روونیشی کردەوە: ئێمە ھەمیشە ویستوومانە ھۆڵ و مۆزەخانە و شوێنی دیکەش دروست بکرێت بۆ ئەنجامدانی چالاکی ھونەری و رۆشنبیری، لە پلانە ستراتیژییەکانمان گرنگی زۆرمان پێداوە، لەبەر ئەوەی بەبێ ھۆڵ ئەنجامدانی چالاکی ئەستەمە، بۆیە سەرۆک بارزانیش لەمیانەی سەردانەکەی بۆ بەردەڕەش ھەستی بەو بۆشاییە کردبوو و داوای کرد دروست بکرێت، لەبەر ئەوەی زۆر جار چالاکی گەورە بەھۆی نەبوونی ھۆڵ ئەنجام نەدراوە، بۆیە ئەو ھۆڵە سیمایەکی دیکە دەداتە قەزای بەردەڕەش.

دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوو لەلایەن پارێزگاری دھۆک بەردی بناغەی پڕۆژەی دروستکردنی ھۆڵی رۆشنبیری بەردەڕەش دانرا لە ئێستادا دەست بە دروستکردنی پڕۆژەکە کراوە، ھۆڵەکە لە سێ بەش پێکھاتووە، ئەوانیش بەشی کارگێڕی و ھۆڵی دانیشتن کە جێگای 941 کەس دەبێت لەگەڵ بەشی ستەیج و ژووری خۆگۆڕین، ماوەی تەواوبوونی پڕۆژەکەش 540 رۆژە.

Back to top button