لە سلێمانی ناوەندی فەرهەنگی كۆماری ئیسلامی ئێران كراوەتەوە

ئێران بەردەوامە لە دەست بەسەرداگرتنی شاری سلێمانی و لایەنی دەسەڵاتی شارەكە و نوێترین هەوڵیشی کردنەوەی ناوەندێکە لەژێر ناوی “ناوەندی فەرهەنگی کۆماری ئیسلامی ئێران” کە ئەویش یەکێکە لەو دەیان بارەگایەی دەزگا هەواڵگرییەكانی ئێران کە لە ژێر ناوی جیاجیادا لە شارەکە بوونیان هەیە.

ئەو بارەگایە لە گەڕەکی زەرگەتەی شاری سلێمانیدا کراوەتەوە ئەمەش دوای ئەوە دێت كە ماوەیەكە كۆماری ئیسلامی لە زانكۆكانی سلێمانی، خەریكی كردنەوەی خولی زمانی فارسییە و دەیان مامۆستا بەشدارییان تێدا کردووە.

وەک هەمیشە كۆماری ئیسلامی بۆ سەپاندنی هەژموونی خۆی لە شوێنێک، سەرەتا بەناوی فەرهەنگ جێی خۆی قایم دەکات و دواتر ئاشووب و كێشە بۆ هەمیشەی لەبن نەهاتوو بۆ ئەو شوێنە دەخوڵقێنێت، نموونەی زیندووی ئەم پەلهاویشتنەی ئێران، سووریا و لبنان و عێراق و یەمەنە كە مسقاڵێك هیوای بۆ ژیانی دانیشتووانەكەی تێدا نەماوە و خەڵك هەزار خۆزگە بە ژیانی پێشوویان دەخوازن.

هەر بۆیە بۆیە کردنەوەی خولی زمانی فارسی و کردنەوەی ئەو ناوەندانەی ئێران لە سلێمانی، سەرەتایەكن بۆ دەردەدار کردنی شارەکە بە كێشەی درێژخایەنەوە، “یەكێتی نوێ”ـش كە لە بنەڕەتدا هەر ئێران هێشتوویەتییەوە، زۆر لەوە لاوازترە بەرەنگاری ئەو هەوڵە چڕ و پڕەی کۆماری ئیسلامی ئێران ببێتەوە.

Back to top button