سەرۆك بارزانی پێشوازی لە جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا دەكات
رۆژی چوارشەممە 6ی ئاداری 2024 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە خاتوو ڤیكتۆریا تەیلەر جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا كرد
لە دیدارەكەدا كە مارك سترۆ كونسوڵی گشتیی ئەمریكا لە هەولێریش ئامادەی بوو، باس لە سەردانەكەی سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆ واشینگتۆن كرا و بە سەردانێكی جددی و سەركەوتوو وەسفكرا. هەروەها باس لە بارودۆخی سیاسیی عێراق و پەیوەندییەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ و گرفتەكانی بەردەم ئەو پەیوەندییانە كرا و جەخت لە پێویستیی پاراستنی سەقامگیریی عێراق و رۆڵی هێزەكانی هاوپەیمانان لە سەقامگیریی عێراق و ناوچەكە كرایەوە.
بابەتی هەڵبژاردنەكان تەوەرێكی تری ئەو دانیشتنە بوو و سەرۆك بارزانی پاڵپشتیی خۆی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دووپات كردەوە و هەروەها نیگەرانیی خۆیشی لەبارەی بڕیاری دادگەی فیدڕاڵ لەمەڕ نەهێشتنی كۆتای پێكهاتەكان خستەڕوو و ئەو بڕیارەی بە هەوڵدان بۆ بنكۆڵكردنی مافی پێكهاتەكان و زیانگەیاندن بە پڕۆسەی دیموكراسی لەقەڵەم دا.
پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمریكا تەوەری تری ئەو دیدارە بوو.