تەنها لە ساڵی 2023دا لە ئێران 834 کەس لەسێدارە دراون

دوو رێکخراوی ناحکومی كە بارەگاكانیان لە نەرویج و پاریسە، راپۆرتێکیان بڵاوکردووەتەوە و رایانگەیاندووە، تەنها لە ساڵی 2023دا دەسەڵاتدارانی ئێران سزای لەسێدارەدانیان بەسەر 834 کەسدا جێبەجێ كردووە، ئەمەش بەراورد بە ساڵی 2022، 43% زیادی کردووە.

لەدوای ساڵی 2015ـەوە ئەمە دووەم جارە زیاتر لە 800 کەس لە کۆماری ئیسلامی ئێران لەسێدارە بدرێن، کاتێک لە ساڵی 2015 شدا، دەسەڵاتدارانی ئێران 972 حوکمی لەسێدارەدانیان جێبەجێ کردووە.

هەردوو رێکخراوی “مافی مرۆڤ لە ئێران” و ”هاوپەیمانی جیهانی دژی سزای لەسێدارەدان“، لە راپۆرتێکدا ئێران بەوە تۆمەتبار دەکەن کە سزای لەسێدارەدانیان وەکو ئامرازێک بۆ بڵاوکردنەوەی ترس لەناوخۆدا بەکار هێناوە، بەتایبەتی لەدوای ئەو ناڕەزاییە بەربڵاوانەی کە وڵاتەکە لە مانگەکانی کۆتایی ساڵی 2022دا دوای كوشتنی كچەكورد (ژینا ئەمینی) كە لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقی! ئەو وڵاتەوە، بە پاساوی پابەندنەبوون بە یاساكانی جلوبەرگ، هێرشی كرایە سەر و دواتر گیانی لەدەست دا.

مەحموود ئەمیری موقەدەم، بەڕێوەبەری رێکخراوی مافی مرۆڤ لە ئێران، دەڵێت: ”چاندنی ترسی کۆمەڵایەتی تاکە رێگەی دەسەڵاتدارانی ئێرانە بۆ چەسپاندنی دەسەڵات و سزای لەسێدارەدانیش گرنگترین ئامرازە بۆیان.“

هەر لەو راپۆرتەدا هاتووە 22 کەس لەو کەسانەی کە ساڵی رابردوو لەسێدارە دراون ژن بوون، کە زۆرترین ژمارەیە لەنێو ژنان لەماوەی 10 ساڵدا.

Back to top button