ئەشواق جاف: هەندێک لایەن نایانەوێت کێشەکانی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێم و عێراق چارەسەربن
ئەشواق جاف ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان، رایگەیاند؛ لایەنە عێراقییەکانلە پەرلەمانی عێراق هەوڵی لاوازکردنی یاسای ئەنجومەنی فیدراڵی دەدەن، و هەندێک لایەن دەیانەوێت ئەو یاسایە بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاربهێنن.
ئەمڕۆ چوارشەممە 6ـی ئاداری 2024، د. ئەشواق جاف، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی ئاشکرایکرد، تا ئێستا یاسای پێکهێنانی ئەنجومەنی فیدراڵی پەسەند نەکراوە کە لە ماددەی 65ـی دەستوور هاتووە، لە ئەنجومەنەکەدا نوێنەرانی پارێزگاکان و هەرێم بوونیان دەبێت.
ئەندامەکەی کۆمیتەی ناوەندی پارتی ئەوەشیخستەڕوو، ئەندامە کوردەکان جەختیان لەوە کردووەتەوە کە دەبێت ئەنجومەنی فیدڕالی دەسەڵاتی هەبێت، ڤیتۆی هەبێت لەسەر ئەو یاسانەی کە پێشێلی دەستوور دەکەن، بەڵام هەندێک لایەن هەبوون لە پەرلەمان نەیانویست ئەمە پەسەند بکرێت و هەوڵی لاوازکردنیاندا.
هەروەها راشیگەیاند، بەردەوام لە پەرلەمانی عێراق کورد و سوونە رێگریان لە پەسەندکردنی ئەو یاسایانە کردووە کە پێچەوانەی دەستوورن.
ئەشواق جاف، دەڵێت: هەندێک لایەنی سەرەکی پێکهێنەری حکومەتی عێراق، نایانەوێت حکومەتەکە سەرکەوتوو بێت، هەروەها نایەنەوێت کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵی چارەسەر بکرێت.