عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆک: هەموو هەفتەیەک یان پڕۆژە دەکەینەوە یان بەردی بناغەیان بۆ دادەنێین
لە رێوڕەسمی کردنەوەی پرۆژەی شەش وێستگەی گەڕۆکی کارەبا لە پارێزگای دهۆک، د عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆک خەڵکی پارێزگاکەی لەبارەی خزمەتگوزارییەکانەوە دڵنیا دەکردەوە و گوتی، “سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی زیاتر لە هەموومان لە خەمی پارێزگای دهۆکدایە”.
ئەمڕۆ پێنج شەممە 7ی ئاداری 2024، لە مەراسیمی کردنەوەی پرۆژەی دانانی شەش وێستگەی گەڕۆکی کارەبا د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک گوتی، “دڵنیایی دەدەمە خەڵکی خۆمان لە دهۆک لەمەودوا هەموو هەفتەیەک یان هەندێک پڕۆژە دەکرێنەوە یان بەردی بناغە بۆ هەندێک پڕۆژەی دیکە لە سەرتاسەری پارێزگای دهۆک بەبێ جیاوازی لە سنووری هەموو قەزا و ناحیەکان دادەنێین”.
لە درێژەی وتەکەیدا د. عەلی تەتەر رایگەیاند، “کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆرێک لەو کێش و گرفتانەی پێشتر لە سنووری پارێزگای دهۆک هەبوون، چارەسەرکردوون”. پەوەشی نەشاردەوە کە لەماوەی چوارساڵی رابردووشدا ئەو پرۆژانەی کە لە بواری کارەبادا ئەنجامدراون، وایانکردووە کارەبا بە دادپەروەرانە بەسەر هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستاندا دابەش بکرێت.
سەبارەت بە هەوڵەکانی سەرۆکی حکومەت پارێزگاری دهۆک ئەوەی خستەڕوو، “مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام لەگەڵ ئێمە لەسەر هێڵە، هانمان دەدات و هەندێک جار خۆیشی پێشنیاز دەکات بۆ ئەوەی زۆرێک لە کێشە و گرفتەکان چارەسەربکرێن و چەند پڕۆژەیەکیش ئەنجام بدرێن. زیاتر لە هەموومان لە خەمی پارێزگای دهۆکدایە”.