هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بۆ یەکێتی سەخت دەبێت چەند لیستێك هەڕەشەی گەورەن بۆ سەر حیزبەکە

بڕیارە لە رۆژی 10ی حوزەیرانی ئەمساڵدا ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت، بەهۆی بوونی چەند لیستێک، ململانێیەکی توندیش چاوەڕێی بازنەكانی سلێمانی و هەڵەبجە دەکات، کە لە هەموو بارێکیشدا شكستێكی گەورە چاوەڕێی یەكێتییە.

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان 38 کورسی بۆ بازنەی سلێمانی لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاری کردووە، ئەمەش لەکاتێکدایە ئەوانەی تا ئێستا ناوی حیزبەکەیان لە کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان وەک قەوارەیەکی سیاسی بۆ بەشداریکردن لە ھەڵبژاردن تۆمارکردووە، لە حەوت حزبی سەرەکی پێکھاتوون (پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان، نەوەی نوێ، کۆمەڵی دادگەری، یەکگرتووی ئیسلامی و پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان).

چەند حیزبێكی دیكە چاوەڕێی وەڵامی کۆمسیۆن دەکەن، بۆ ئەوەی وەک قەوارەیەکی سیاسی نوێ ناوی خۆیان تۆمار بکەن و کێبڕکێی بەدەستھێنانی کورسی بکەن لە ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بکەن.

هەرچەندە پاش دوورخستنەوەی لاھور جەنگی و براکانی لە ریزەکانی یەکێتی، لاھور جەنگی ھیچ جووڵەیەکی سیاسی نەبووە، بەڵام یەكێتی کە لەلایەن کوڕانی تاڵەبانییەوە بەڕێوەدەبرێت ترسی لەوە هەبووە كە ناوبراو دەست بە جموجوڵی سیاسی بكات، بەهۆی ئەوەی لایەنگرێکی زۆری لاهور جەنگی تەنها لەنێو جەماوەر و کادیرانی یەکێتیدا بوونی هەیە.

لە ماوەی رابردووش لاھور جەنگی بە راشكاوانە ئاشكرای كرد، کە بەشداری ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات و بە لیستێکی نوێ ھەوڵی بەدەستھێنانی ژمارەیەکی زۆر کورسی لە بازنەی سلێمانی دەدات.

ئەمە سەرەڕای بێ هیوابوونی خەڵکی سلێمانی و کادیر و لایەنگرانی یەکێتی لە سیاسەتەکانی ئەمدواییەی حیزبەکە بەهۆی ملکەچ کردنی سەرانی حیزبەکە بۆ شۆڤێنییەکان و پاڵپشتی کردنی بڕیارەکانی دادگای فیدڕالی کە سەرجەمیان لە دژی هەرێمی کوردستان دەرچوون، لەنێویشیاندا دروستکردنی مەترسی بۆ سەر قەوارەی هەرێمی کوردستان.

لەبەر ئەم هۆکارانە و چەندین هۆکاری دیکەش پێشبینی دەکرێت ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ھەڵبژاردنێکی سەخت و قورس دەبێت، چونکە چەندین قەوارەی سیاسی بەشداری ھەڵبژاردنەکە دەکەن، هاوسۆزییەکی زۆریش لەنێو کادیرانی یەکێتیدا بۆ لاھور جەنگی و لیستەکەی هەیە ئەمەش كاریگەری دەبێ لەسەر دەنگەكانی یەكێتی لە بازنەی سلێمانی و تووشی شکستێکی گەورەتری دەکات.

Back to top button