گەنجێكی كورد: یەكێتی سەدان گەنجی بە ناهەق و تۆمەتی هەڵبەستراو خستووەتە زیندانەوە

گەنجێكی كورد کە لە ئەورووپا نیشتەجێیە و چالاکی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانە، رایدەگەیەنێت، یەكێتی سەدان گەنجی ”بە ناهەق“ و بەبێ دادگاییکردن زیندانیکردووە و بەشێوەیەکی دڕندانە ئەشكەنجەیان دەدات، كەچی یەكێكم نەبینی لەو بەناو چالاكوانانە بێنە دەنگ و بڵێن كاكە بۆچی ئاوا لەو گەنجانە دەكەن؟ لەکاتێکدا کە لە سنووری پارتی بچووكترین شت روو دەدات هاواریان لێهەڵدەستێ و سۆشیال میدیا پڕدەکەن.

ئەو چالاکوانە کوردە ناوی بیلال شەشكی‌یە و لە ئەورووپا نیشتەجێیە، دوێنێ لە تۆمارێكی ڤیدیۆییدا رەخنەی توند لە چالاکوان و کەمپینچییەکانی ئەورووپا و سلێمانی دەگرێت بەهۆی بێدەنگییان بەرامبەر بە گرتنی گەنجان لە لایەن دژەتیرۆری یەكێتییەوە و پێیان دەڵێت ”بەناو چالاكوانانی ئەورووپا و رۆژنامەنووس و كەمپینچییەكانی ئەورووپا و سلێمانی“.

ئەو چالاکوانە لە پارچە ڤیدیۆکەدا ئاشکرای کرد، کە یەكێتی لە رێگەی هێزە ئەمنیەكانیەوە، ”بە درێژایی شەو و رۆژ هەڵدەكوتنە سەر ماڵان و ئەتكیان دەكەن، سووكایەتی بە كەسوكاریان دەكەن، بۆچی یەكێكمان نەبینی لەو بەناو چالاكوانانە بێنە دەنگ و بڵێن كاكە بۆچی ئاوا لەو گەنجانە دەكەن؟ نەمانبینی یەك رۆژنامەنووس و بەناو چالاكوان، بە تایبەتی لە دەمدرێژەكانی ئەورووپا بێنە دەنگ. ئەگەر لە ناوچەكانی پارتی شتێكی بچووك بكرێ، دەیكەن بە هەڵا، كەچی ئەو شتانەی سنووری پارتی هەر هیچ نییە لەچاو ئەو ئۆپەراسیۆنانەی دەزگا ئەمنییەكانی یەكێتی دەیكەن.“

شەشكی ئەوەش دەخاتەڕوو: ”كۆمەڵێك خەڵكیان لە ناوچە جیاوازەكان گرتووە و دەڵێن ئەمانە تیرۆریستن. كەس قسەیان لەسەر ناكات، یەكێتی سووكایەتییان پێدەكات و دەڵێ تیرۆریستن. ئێوەش دەڵێن چالاكوانین، بەڵام درۆ دەكەن، ئێوە كۆیلەن، زۆربەی زۆرتان تا پارەتان نەخرێتە دەمەوە قسە ناكەن.“

ئەمە لەکاتێکدایە بەردەوام هێزە ئەمنییەکانی یەکێتی پۆل پۆل گەنجی سنووری سلێمانی و گەرمیان و راپەڕین دەستگیردەکات گوایە تیرۆریستن بەبێ ئەوەی بەڵگە هەبێت یان دادگایی بکرێن.

 

بۆ گوێگرتن لە بەشێک لە قسەکانی چالاکوانەکە کرتە لێــــــــــــــــــــرە بکە.

Back to top button