راگەیاندراوێک لە پارێزگای هەولێرەوە لەبارەی دەوامی فەرمانگەکان لە مانگی رەمەزانی پیرۆز

ئەمڕۆ یەکشەممە 10ی ئاداری 2024، لە راگەیاندراوێکدا، پارێزگای هەولێر رایگەیاند دەوامی دامودەزگاکانی بۆ یەک کاتژمێر کەم دەکرێتەوە.

دەقی راگەیاندراوەکە:

راگەیاندراوێک لە پارێزگاری هەولێرەوە، سەبارەت بە دیاریکردنی کاتی دەوامی فەرمی دام و دەزگاکان لە مانگی رەمەزانی پیرۆز
بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان

بە بۆنەی هاتنی مانگی رەمەزانی پیرۆز، گەرمترین پیرۆزبایی لە موسڵمانانی كوردستان و عێراق و جیهان بەگشتی و هەولێری پایتەخت بەتایبەتی دەكەین، بەهیواین ئەو مانگە پیرۆزە ببێتە مانگی پتەوکردنی زیاتری تەبایی و برایەتی و یەكڕیزی و پێکەوە ژیانی ئاینی و نەتەوەیی لە کوردستان.

بەم بۆنەیەشەوە رایدەگەیەنین دەوامی فەرمی فەرمانبەرانی سەرجەم دام و دەزگاكانی حكومەت لە سنووری پارێزگاکەمان لە مانگی پیرۆزی رەمەزان بۆ ماوەی یەک کاتژمێر کەمدەکرێتەوە، نیو كاتژمێر لە کاتی بەیانیان و نیو کاتژمێر لە کاتی تەواو بوونی دەوامی فەرمی فەرمانبەران.

خودای گەورە رۆژ و عیبادەتی هەموو لایەک قەبوڵ بکات.

ئومێد خۆشناو
پارێزگاری هەولێر
2024.3.10

Back to top button